شلێر بۆ جلشۆردن چووە قەراخ رووبار و نەگەڕایەوە لای دوو منداڵەکەی
رووداو دیجیتاڵ
شلێر فەتحوڵڵا، دایکی دوو منداڵە، چووەتە قەراخ رووبار تاوەکو جلی منداڵەکانی بشوات، بەڵام ئاوی خوڕ بردوویەتی. رووبار هێندە خێرا ژنەکەی ونکردووە، کەس فریای نەکەوت.
شلێری تەمەن 23 ساڵ ئەو کاتەی کەوتووەتە نێو رووبارەوە ئانیای کچی لەگەڵدا بووە و هەر ئەو منداڵەش دواتر کەسوکارەکەی لە خنکانی دایکی ئاگادار کردوونەتەوە.
سوهام ئەحمەد، کچی خاڵی خنکاوەکەیە و دەڵێت: بە پێی رۆشتە سەر بەردەکە، دواتر کەوتە رووبارەکە. تەنها ئەوەندە ئاگاداربووم. خاڵۆژنیشم لە ژوورەوە پاڵکەوتبوو.
هەدیە وەسمان، خوشکی مێردی خنکاوەکەیە و دوایین ساتەکانی ژیانی شلێر باس دەکات و دەڵێت: کچەکەی هاتەوە و گوتی، دایکم کەوتووەتە رووبار، منیش رامکرد تاوەکو گەیشتمە نزیک رووبارەکە هەر زیندوو بوو.
دووری ئەو شوێنەی ئافرەتەکە لێی خنکاوە لەگەڵ ماڵەوەیان نزیکەی 100 مەترە. نەبوونی پرد و رێگەی پەڕینەوە وایکردووە لەکاتی خنکانیدا کەس بە هاواری ئەو ژنە نەگات.
خەڵکی باڵەکایەتی بەدرێژایی رووباری چۆمان لە گەڕان و پشکنین و چاودێریکردنی رووباردان. چوار تیمی بەرگریی شارستانی و تیمێکی مەلەوانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو ئافرەتە دەگەڕێن.
بەیار باڵەکی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت: تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، رواندز، خانەقا و تیمی مەلەوانی و ئەفسەرەکان ئێستا لە گەڕان و پشکنین و بەدواداچوونن بەدرێژایی ئەو رووبارە بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکەی.
رووباری گەورەی چۆمان لەم وەرزەدا لە بەرزترین ئاستی دایە. بەفر و بارانی هەفتەی رابردوو جۆرێک شێلوو و بەخوڕی کردووە هەر شتێکی تێبکەوێت لەگەڵ شەپۆلەکانی لوولی دەکات.