پارێزگاری ورمێ: رێگری لە گرانبوونی مریشک دەکەین

رووداو - هەولێر 

پارێزگاری ورمێ دەڵێت، هەر کەسێک کێشە بۆ خستنەبازاڕی مریشک دروست بکات یان مریشک بە گرانتر لە نرخی بازاڕ بفرۆشێت، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
 
رۆژی یەکشەممە 17-4-2023 ، محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەیەکدا گوتی، "قبووڵکراو نییە کە فرۆشیاران و دابەشکارانی مریشک، کەمتەرخەمی بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
 
بە گوتەی خەسرەو شەهبازی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، مریشک لە بازاڕدا کەم نییە، بەڵام هەندێ لە کاسبکاران هەوڵ دەدەن نرخ بەرز بێتەوە.
 
شەهبازی دەڵێ: "هەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو 63 هەزار تمەن و مریشکی بەستووش 43 هەزار تمەنە و هەر کەس لەوە گرانتری بفرۆشێت، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر."
 
63 هەزار تمەن نزیکەی دۆلارێک و 20 سەنت و 43 هەزار تمەنیش کەمتر لە دۆلارێکە. 
 
نزیک دوو هەفتەیە لە بازاڕی ورمێدا کەمیی مریشک هەیە و خەڵک بۆ کڕینی دەبێت چەندین کاژێر لە نۆرەدا بووەستن، ئەمە ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوە و پەرلەمانتارانی ورمێ لە پەرلەماندا رەخنەیان لەو دۆخە گرتووە.
 
سەلمان شاکر، نوێنەری ورمێ، رۆژی یەکشەممە 16-4-2023 لە پەرلەمانی ئێراندا، ئەوەی وەک بێڕێزی لە قەڵەمدا کە خەڵک لە ورمێ لە کاژێر شەشی بەیانییەوە لە نۆرەدا بووەستن بۆ ئەوەی 2 کیلۆ مریشک بکڕن.
 
روحوڵڵا حەزرەت پوور، نوێنەرێکی دیکەی ورمێش، رەخنەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی "لە ئاست کێشەی خەڵکدا کەمتەرخەمە."
 
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 85 هەزار تمەن و لە هەندێک شوێن و کاتدا کە مریشک لە بازاڕدا کەم دەبێت، نرخەکە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 90 هەزار تمەن.
 
حکومەتی ئێران نرخی هەر کیلۆیەک مریشکی زیندووی بە 63 هەزار تمەن دیاری کردووە و لە هەندێک شوێن لە شارەکان رۆژانە مریشک بەو نرخە دەفرۆشرێت، بەڵام بەشی هەموو خەڵک ناکات. 
 
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاودەکرێنەوە، خەڵک لە بەردەم ناوەندەکانی فرۆشتنی مریشک بە نرخی حکومی نۆرە دەگرن و بەشێکیان دەڵێن، دوای چەند کاژێر مریشکیان بەرناکەوێت.