لە گوندێکی دوبز عەرەبی هاوردە بە گرێبەستی سەردەمی بەعس دەست بەسەر زەویی کورددا دەگرن
رووداو - کەرکووک
لە گوندی چەخماخەی رۆژهەڵاتی قەزای دوبز، عەرەبی هاوردە بە گرێبەستەکانی سەردەمی حکومەتی بەعس دەست بەسەر زەوی و زاری کورددا دەگرن.
کورد خاوەنی تاپۆی رەشن، بەڵام نە حکومەت کاری پێدەکات و نە دادگەکانیش مافیان پێدەدەن. مام عەلی پەیتا پەیتا زەوییەکەی لەلایەن هاوردەکانەوە داگیر دەکرێت، بینا و خانوو و رێگەوبانی لەسەر دروستدەکەن.
عەلی عومەر، دانیشتووی گوندی چەخماخە دەڵێت، "بەنیازن گشتی داگیربکەنەوە، هەمووی بە ساختەکارییە، ئەوەتا زەوییەکم لێرەیە 35 دۆنمە، نووسراوێکی ساختەی پێبووە، دەیگوت دەبێت واژۆی بکەیت، گوتم نایکەم."
دانیشتووانی گوندی چەخماخە هۆشداری دەدەن لەوەی گەر پشتگیرییان لێ نەکرێت لەو شاڵاوی تەعریبەی سنوورەکەیانی گرتووەتەوە، ناچارن بە تەواوی جێیبهێڵن.
عومەر شاسوار کە تاوەکو ئێستا بەربەست بووە لەبەردەم تەعریب، لەسەر سکاڵای هاوردەکان دراوەتە دادگە و بە کەفالەت ئازادکراوە. سکاڵاکەی سەری لە کاتێکدایە، هاوردەکان هاتوونەتە سەری و هەڕەشەشیان لێکردووە.
عومەر شاسوار، خاوەنی زەوی و زار لە گوندی چەخماخە ئاماژەی بەوە کرد، "8-9 کەس هاتن بە تراکتۆر زەوییەکان بکێڵن، من چوومە گیانیان، ئەوان بەناوی عەسایب قسەیان دەکرد، منیش بەناوی کوردەوە قسەم کرد و گوتم، موڵکی باوباپیرمە و ناتاندەمێ، کەچی چوو لە دادگەی دوبز سکاڵای کرد و گوتی، هەرەشەی لێکردووم."
هاوردەکان تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر زیاتر لە 300 دۆنم زەویدا گرتووە و تادێت پەل دەهاون بۆ بردنی زەویی زیاتر.
خەڵکی ئەو سنوورە رووی دەمیان لە نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمان، شەش نوێنەرە کوردەکەی کەرکووکیش دەڵێن، "دەبێت چاوەڕوان بکەین تاوەکو لیژنەکەی خولی رابردوو کارا دەکرێتەوە."
دیلان غەفور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو بڕیارانەی بەعس داویەتی، ئێستا کاریان پێدەکرێتەوە، تایبەت بەو لیژنەیەی خولی پێشووی پەرلەمان پێکهات، چەند کۆبوونەوەیەک کرا و چەندین بابەتی ئامادەکرد. کار دەکەین لەدوای پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان، ئەو لیژنەیەش کارابکرێتەوە."
پێشتر چەخماخە 100 ماڵی تێدابوو، بەهۆی مەترسیی ئەمنی و هێرشی داعشەوە ئێستا نۆ ماڵ ماون. لە رۆژهەڵاتی قەزای دوبز لە کۆی زیاتر لە 30 گوندی کوردی، ئێستا تەنیا چوار گوندی ئاوەدانە و زۆربەی ناوچەکە خەریکە بە تەواوی مۆرکی کوردی تێدا دەسڕێتەوە، ناوچەکە لەبەردەم شاڵاوێکی فراوانی تەعریبدایە.