دوو رۆژە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار کە تایبەتە بە کۆرۆنا و لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروستکراوە، دوو رۆژە هیچ نەخۆشێکی تێدا نەماوە.
دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەکاتی هاتنی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 700 نەخۆش هێنراونەتە نەخۆشخانەکەمان و چارەسەریان وەرگرتووە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار گوتیشی، "350 نەخۆش، دوو پزیشک و کارمەندێک گیانیانلەدەستداوە."
دکتۆر حارس ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا نەخۆشخانەکە چۆڵ بووە، بەڵام کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە. دەشڵێت، "بیرمان لەوە کردووەتەوە کە نەخۆشخانەکە بکەینە قاوشی نەخۆشی هەناوی."