ئەو جووتیارە کوردەی سەربازێکی عێراقی ملپێچەکەی راکێشا: بە کەفالەت ئازاد کراوم
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارە کوردەکەی سەرگەڕان کە سەربازێکی عێراقی ملپێچەکەی راکێشا، دەڵێت لەسەر سکاڵای ئەو سەربازە بانگهێشتی دادگە کراوە. گوتیشی، ''بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کراوم.''
ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-03-2025) محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارەی سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک کە مانگێک لەمەوپێش لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە ملپێچەکەی راکێشرا، دەوای هاتنە دەرەوە لە دادگەی دووبز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، جیا لەوەی پێشتر سکاڵای لەسەر سەربازەکە تۆمار کردووە، ئاگادار کراوەتەوە کە سەربازەکەش سکاڵای لەسەری تۆمار کردووە.
بەگوتەی محەممەد ئەمین، سەربازەکە لە سکاڵاکەیدا گوتوویەتی، ئەو جووتیارە جوێنی بە خۆی و سوپای عێراقی داوە، ''دەبێ من گوتبم سوپای عێراقی سوپایەکی تایفییە، بەڵام ئەو شتانە، هیچی من نەمگوتوون، لەو کاتەدا هەر دەرفەتم نەبوو، ئەوەندە ملپێچەکە لەسەر قورگم بوو لە ڤیدیۆکانیشدا دیارە کە من ناتوانم هەناسە بدەم، چۆن دەتوانم جوێن بەو سەربازە و سوپا بدەم؟''
محەممەد ئەمین دەڵێت، ''گوتەی خۆم پێشکێشی دادگە کردووە و بەریبوونی خۆم لە هەموو ئەو داوا و سکاڵایانەی کە پێی تۆمەتبار کرابووم، راگەیاند. هەمووی قسەی هەڵبەستراو بوون و هیچ شتێکی راستیان تێدا نەبوو، بۆیە من هەموو قسەکانم رەتکردەوە.''
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار، ئازاد کراوە. ''بەڵام ئەمە کۆتایی نییە و هیوادارم ئەو دۆسیەیە بە ئاراستەیەکی خراپدا نەبردرێت و راستییەکان بەپێی بەڵگە و شایەتحاڵان بەرەو پێشەوە بچێت، چونکە زۆر روون و ئاشکران.''