لە دوو رۆژدا 76 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی پێنجشەممەوە 76 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
ئەحمەد شێرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەم دوو رۆژەدا 69 رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روویانداوە و لە ئەنجامدا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 880 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەحمەد شێرانی ئاماژە بەوە دەکات کە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو ژمارە زۆر لە خەڵک لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا ئاماژە و هۆشدارییەکە کە دەکرێت لە رۆژانی نەورۆزدا رووداوەکانی هاتووچۆ زیادبن و ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانی و هاووڵاتیش گیان لەدەست بدەن و برینداربن.
بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و خۆیان لە تیژڕۆیی و سەرپێچی دوور بگرن.