ئەوقافی دهۆک: یەکشەممە دوو سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکرێت کە سوکایەتی بە ئیسلام کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دوو سکاڵا لەسەر "بەهزاد مزووری"، ئەو کەسەی "سوکایەتی" بە ئایینی ئیسلام کردووە تۆمار دەکەن. دەشڵێت، سکاڵایەک لەلایەن ئەوان و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن مەترانی دهۆکی کریستانەکانەوە دەبێت.
رۆژی هەینی 17-2-2023، محەممەد خالید، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای دهۆک لەبارەی قسەکانی کەسێک بەناوی"بەهزاد مزووری" کە خۆی وەکو قەشەیەکی کریستیان دەناسێنێت، لە دژی ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر راسپاردەی پارێزگار رۆژی یەکشەممە دەچینە دادگە و سکاڵا لەسەر بەهزاد مزووری تۆماردەکەین، کە دوێنێ شەو لە سۆشیاڵمیدیاوە هێرشیکردووەتە سەر ئایینی ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام. دوای بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کریستیانەکان ئەوانیش ئەو کەسە ناناسن و دژایەتی خۆیان بۆ قسەکانی دەربڕیوە و دەڵێن، رۆژی یەکشەممە ئەوانیش سکاڵا تۆماردەکەن."
محەممەد خالید گوتیشی: "کریستیانەکانیش هاوشێوەی ئێمە هەر لە مەتران و قەشە و پیاوانی ئایینییانەوە تاوەکو بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداری کێشەکەن و گوتوویانە، نایناسن و قسەکانی ئەو کەسە رەتدەکەنەوە."
شەوی پێنجشەممە، کەسێک بەناوی بەهزاد مزووری، لە سۆشیاڵمیدیا هێرشی تووندی کردە سەر ئایینی ئیسلام و محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د. خ)، ئەوەش کاردانەی تووندی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک مامۆستای ئایینی هێرشیان کردە سەری.
کاردانەوەکان وایکرد ئەمڕۆ هەینی پارێزگای دهۆک راگەیێندراوێکی لەبارەی نووسینەکانی بەهزاد مزوورییەوە بڵاوبکاتەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی پارێزگاری دهۆک، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی دهۆک لە دادگە سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکات، کە سووکایەتی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی کردووە."
هەروەها باسی پێکەوەژیانیش لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەڕەشە لەو کەسانەش دەکات کە دەیانەوێت تێکی بدەن و تێیدا هاتووە: "لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان و رێزگرتنی بەرامبەر هەیە، بێڕێزی لە هیچ کەسێک بەرامبەر بە هیچ بیروباوەڕێک قبوڵکراو نییە."
لەبارەی دۆسییەکەوە، رووداو پەیوەندیی کرد بە فارس یوخەنا بالیۆس، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، ئەو وێڕای نیگەرانیی خۆی و کریستیانەکانی دهۆک و هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکە و سەرکۆنەکردنی نووسینەکانی ئەو کەسە بە رووداوی گوت: "ئەو کەسەی ئەو قسانەی کردووە گوایە قەشەیە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوونی کریستانەکان ناکات و ئێمە دژی تەواوی قسەکانی ئەو دەوەستینەوە، تەنیا ئێمە نا، ئەمە بۆچوونی کەنیسە و مەتران و هەموو نوێنەرایەتیی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک بەتایبەت."
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەش، فارس یوخەنا بالیۆس گوتی: "ئەو کەسە نە لای ئێمە و نە لەلای مەتران و کەنیسەکانی ئێمە ناسراو نییە، ئەسڵەن روون نییە لە دهۆک دادەنیشێت یان نا، هیچ پلە و پێگەیەکی ئایینی نییە و کەسی وا لەلای کریستیانەکان نەناسراوە، بۆیە دوورنییە کە قسەکانی بەمەبەستی تێکدان کردبێت و لەلایەنێکەوە پشتیوانی بکرێت."