کوڕە گەورەکەی پێشڕەو دزەیی نەشتەرگەری بۆ کرا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژ پێشڕەو، کوڕە گەورەی پێشرەو دزەیی لە دوبەی نەشتەرگەری بۆ کرا و ئێستا تەندروستی جێگیرە.
رۆژی چوارشەممە 17-01-2024 سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو دزەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەردوو کوڕەکەی پێشڕەو و هاوژینەکەی دوێنێ نێردرانە ئیمارات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئێستا تەندروستییان باشە".
سالار هاوار ئاغا دەڵێت، "رۆژ، کوڕە گەورەکەی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر خوێنبەربوونی هەبوو و دەستێکیشی لێببووەوە، لە دوبەی بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەری بۆ کرا و خوێنبەربوونی وەستاوە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە".
لەبارەی دۆخی هاوژین و کوڕە بچووکەکەی پێشرەو دزەیی، ئامۆزاکەی دەڵێت، "هەرسێکیان لە دوبەی چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە. هاوژین و کوڕە بچووکەکەی پێویستیان بە نەشتەرگەری نەبوو و تەنیا چارەسەری پزیشکیان وەرگرتووە".
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.