بەشێکی ئامێرەکانی دەنگدان لە هەولێر، سلێمانی و کەرکووک کێشەیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان، لە هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، کێشەیان هەیە و راپۆرتی کۆتایی ئەنجامی دەنگدان چاپناکەن کە پێوستە لەدوای داخستنی سندووقەکان چاپبکرێت.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تائێستا زیاتر لە سێ بەشی ئامیرەکانی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر لەکارکەوتوون "ئامێرەکان، راپۆرتی ئەنجامی دەنگدان نادەنەوە، کە دەبووایە 10 بۆ 15 خولەک دوای تەواوبوونی دەنگدان، راپۆرتەکەیان دابووایەوە.''
سەرچاوەکە گوتی، نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کێشەکە ئاگادارکراوە و وەڵامەکەیان ئەوە بووە "بۆ چارەسەری بەپەلە، راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی وڵاتی کۆریای باشوور کراوە کە ئامێرەکانیان لێ کڕدراوە."
کارنەکردنی ئامێرەکانی دەنگدان و نەدانەوەی راپۆرتی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تەنیا لە پارێزگای هەولێر نییە و لە بەشێک لە بنکەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق هەمان کێشە هەیە.
سەرچاوەکەی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی "ئەگەر کێشەکە چارەسەرنەکرێت، چاوەڕێی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکەین، بۆ ئەوەی بڕیاربدات ئایا بە دەست دەنگەکان جیابکرێنەوە یان نا."
پێشتر پەیام سەربەست، پەیامنێرى رووداو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کردبوو ئامێرى بنکەکانى دەنگدان لە هەولێر کێشەیان بۆ دروست بووە لە دواى زیاتر لە کاژێرێک و 36 خولەک، لیستى ئەنجامەکانى ئەو دەنگدانە رانەگەیێندراون.
هەروەها بەگوتەى نزار جەزا، پەیامێرى رووداو لە سلێمانى هەمان کێشە لە زۆربەی بنکەکانى دەنگدانى تایبەت لە سلێمانى دروست بووە کە ئەنجامى دەنگدانەکە رانەکێشراوە.
لە کەرکووکیش بە گوتەی هەردى محەممەد، پەیامنێرى رووداو هەمان کێشە هەیە؛ "هێشتا ژمارەیەک لە ئامێرەکانى دەنگدان نەکوژاونەتەوە و ناتوانرێت دەنگەکان جیابکرێنەوە."