فراكسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ پاڵاوگە نایاساییەكانی كواشێ دەكات

رووداو - هەولێر 
 
دوای ئەوەی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، باس لە مەترسیی پاڵاوگەكانی (كواشێ)ی سنووری پارێزگای دهۆك كرا كە بوونەتە مەترسی لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییان و ژینگەی دهۆك، فراكسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات ‌و گوتەبێژی فراكسۆنەكەش دەڵێت "دەبێت بەزوونترین كات چارەسەرێك بۆ ئەو پاڵاوگانە بدۆزرێتەوە".
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ‌و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو پاڵاوگانەی كە زۆر خراپن، كار بۆ ئەوە دەكەین راستەوخۆ دابخرێن، ئەوانەش كە دەرفەتی باشبوونیان هەیە وەك دانانی فلتەر ‌و جێبەجێكردنی هەندێک رێنمایی ژینگەیی دیكە، ماوەیەكیان بۆ دیاریدەكرێت‌ تاوەكو كارەكانیان باش بكەن".
 
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی، جەختی لەوە كردەوە لەلای ئەوانە تەندروستی خەڵكی لەسەروو هەموو شتێكەوەیە، بۆیە زۆر بە زوویی دەست بە بەدواداچوونەكانیان دەكەن ‌و دەشڵێت "وەهای دەبینم هەوڵەكانمان ئەنجامێكی باشی دەبێت، چونكە كۆدەنگیەكی باش لەسەر ئەوە دروستبووە كە دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەو پاڵاوگانە بدۆزرێتەوە كە دەبنە مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی".
 
لە دوا بەرنامەی لەگەڵ رەنج ـی (تۆڕی میدیایی رووداو) كە لە 12-12-2019 پێشكەشكرا، باس لە مەترسیی پاڵاوگەكانی كواشێ، لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییان و ژینگەی دهۆك كرا، دواتریش، ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ، چالاكڤانان و رۆژنامەڤانان لە سۆشیال میدیا كەمپەینێكیان بۆ رێكخستنی پاڵاوگەكانی كواشێ راگەیاند.