ئیمامئۆغڵوو سەردانی ئەحمەد تورکی کرد؛ 'لە تورکیا بوونە بەڕێوەبەری خەڵک کێشەی تێدایە'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ سەردانی ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی قەییوومکراوی مێردینی کرد و لەگەڵی دا کۆبووەوە.
سەردانەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە یاوەریی شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو، کە رۆژی شەممە 16-11-2024 گەیشتنە مێردین. شاندەکە لە فڕۆکەخانە لەلایەن ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی قەییوومکراوی مێردین، سەررا بوجاک و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد پێشوازیی لێکرا، بە کەژاوەیەکی قەرەباڵخەوە چوونە ناوەندی مێردین.
ئەحمەد تورک لە (قەسرا قەنجۆ) کە شوێنەوارێکی 150 ساڵەی مێردینە، پێشوازی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەکاتی دەرچوونیدا وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی پێشوازی و دۆخی مێردین دایەوە و گوتی "لە تورکیا بوون بە بەڕێوەبەری خەڵک، کێشەی تێدایە، جا لە هەر شارێک بێت. بوون بە بەڕێوەبەر لە ئیستەنبووڵ بەرپرسیاریەتییەکی جیاوازترە. تێگەیشتن لە هەستی خەڵکی ئێمە لە هەر گۆشەیەکی تورکیا، هەروەها پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و قسەکردن لەگەڵیاندا، بیرکردنەوە لە ئاییندە، بۆ نموونە لەگەڵ ماردینییەکان قسەکردن لەسەر تەواوی تورکیا بە کشتوکاڵ، ئابووری و پەروەردەی تورکیا. پێویستە لەمانەدا سەرکەوتن تۆمار بکەین."
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەروەها ئاماژەی بە دەوڵەمەندیی مێردین لەڕووی پێکەوەژیانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان کرد؛ ئەوەی بە دەوڵەمەندی وەسفکرد.
سەبارەت بە هەنگاوی هەڵە و نابەجێ بەرامبەر یەکدی، گوتی "هەر شتێکی ناشایستە و نەوەشاوە، لەڕێی بەرپرسیاریەتیی ئێمەوە کەوتووەتە سەرمان، با لەگەڵ تەواوی وڵات خۆمان دابتەکێنین و رزگار بین لەم شتە ناشایستانە. بۆ ئەوەی پاک ببینەوە و بەرەو ئاییندەی وڵاتێکی جوان بەڕێبکەوین. لەم بابەتەدا دەکرێت ماردین (ئامەد) وانەی هەزاران ساڵی تێدابێت. باوەڕی جیاواز، هەروەها پێکهاتە و شووناسی جیاواز بەیەکەوەن."
هاوکات کۆماری تورکیای بە پێشەنگی پێکەوەژیانی جیاوازییەکان ناوبرد و پەنجەی خستە سەر ئازادی، جیاوازیی هێزەکان، سیستمی بەهێزی دادپەروەری، گەشەپێدان و دەوڵەمەندی.
سەردانەکەی ئیمامئۆغڵو لەکاتێکدایە؛ ئەمە سێیەم جارە ئەحمەد تورک دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیا، لادەدرێت و قەییوم لە شوێنەکەی دادەنرێت.
بەیانی رۆژی 4-11-2024 بە بڕیاری وەزارەتی نێوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانران.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەییومی گەڕاندووەتەوە بۆ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورک بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە. هەروەها لە دۆسیەی کۆبانێ، لە دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە تۆمەتبار کراوە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان؛ ئەحمەد تورک ئەوکاتەی داواکاریی خۆبەربژێرکردنی پێشکێشکرد، ئەستۆپاکیی پێدرا و داواکارییەکەی لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا پەسندکرا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:
رووداو: کاک ئەکرەم، ئەم پێشوازییەی ماردین چۆن دەبینن؟
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: خۆشی لە خۆم! خوای گەورە رووزەردمان نەکات. لە تورکیا بوون بە بەڕێوەبەری خەڵک کێشەی تێدایە، جا لە هەر شارێک بێت. بوون بە بەڕێوەبەر لە ئیستەنبووڵ بەرپرسیاریەتییەکی جیاوازترە. پێویستە سەرکەوتن تۆمار بکەین لە؛ تێگەیشتن لە هەستی خەڵکی ئێمە لە هەر گۆشەیەکی تورکیا، هەروەها پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و قسەکردن لەگەڵیاندا، بیرکردنەوە لە داهاتوو، بۆ نموونە لەگەڵ ماردینییەکان قسە لەسەر تەواوی تورکیا بکەین بە کشتوکاڵ، ئابووری و پەروەردەوە.
رووداو: لەم مێردینەی سیمبوولی پێکەوەژیانی جیاوازییەکانە؛ چ پەیامێکت هەیە؟
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: لێرەدا پەیامی هەزاران ساڵە هەن، ئەمانە تایبەت بە ئەمڕۆ نین. هەربۆیە دەوڵەمەندین. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسیاریێتیی زۆرمان هەیە. هەر شتێکی ناشایستە و نەوەشاوە، لەڕێی بەرپرسیاریێتیی ئێمەوە کەوتووەتە سەرمان، با لەگەڵ تەواوی وڵات خۆمان دابتەکێنین و رزگار بین لەم شتە ناشایستانە. بۆ ئەوەی پاک ببینەوە و بەرەو داهاتووی وڵاتێکی جوان بەڕێبکەوین. لەم بابەتەدا دەکرێت ماردین وانەی هەزاران ساڵی تێدابێت. باوەڕی جیاواز، هەروەها پێکهاتە و شووناسی جیاواز بەیەکەوەین. هەزاران ساڵە بەیەکەوەین. لەڕاستیدا کۆماریشمان بووەتە پێشەنگی ئەم بابەتە. ئازادیی، جیاوازیی هێزەکان، سیستمی بەهێزی دادپەروەری، گەشەپێدان و دەوڵەمەندی، دەتوانیت زۆر شتی دیکەش لەسەر ئەمانە زیاد بکەیت".