دوای بڕیاری رێپێوان بۆ ئۆجەلان پارێزگای ئامەد و بورسا قەدەخەی چالاکییان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاوسەرۆکی هەدەپ گوتی ئامادەکاری رێپێوان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن، پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان و بورسای تورکیا بۆ ماوەی چوار رۆژ قەدەخەی چالاکییان راگەیاند.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-هەدەپ، رۆژی چوارشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2023، لە شاری ئامەد لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و ئەندامانی پلاتفۆرمی پاراستن و هاوپشتیی شاری ئامەد کۆبووەوە.
باکرهان لە لێدوانێکیدا پێش کۆبوونەوەکە رایگەیاند، بەشداریی لە "رێپێوانی گەملیک" دەکات کە رۆژی 18ـی ئەم مانگە دەکرێت.
دوای سێ کاژێر لە گوتەکانی باکرهان، پارێزگای ئامەد بۆ ماوەی چوار رۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی لە سنووری پارێزگای ئامەد قەدەخە کرد.
لە راگەیێندراوێكدا کە لەلایەن قایمقامیەتی ئامەد بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە درا، رێگە بە ئەنجامدانی ئەو کارە نادەن "چونکە رەنگە نەزمی گشتی و ئاسایش تێکبچێت".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە درا، تەنیا کارەکانی پەیوەست بە ئۆجەلان قەدەخەکراون و راگەیێندرا کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە دێن و دەیانەوێت بە ئامەد دا تێپەڕن مۆڵەتی چوونەژوورەوە و دەرچوونیان پێنادرێت.
قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و لە 20ـی مانگ کاژێر 00:00 کۆتایی دێت.
هەروەها پارێزگای بورسا لە تورکیا بۆ ماوەی حەوت رۆژ قەدەخەی هاتوچۆی راگەیاند، کە لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و لە 23ی مانگ کاژێر 00:00 کۆتایی دێت.
باکرهان لە کۆبوونەوەکەیدا لە ئامەد جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پرسی کورد لە سەدەی دووەمی کۆماردا چارەسەر بکرێت و گوتی، "رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورددا زۆر گەورەیە، بەڵام بە مەبەست گۆشەگیر دەکرێت. ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێت، گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەک گرنگترین ئەکتەر، دەبێت چارەسەر بکرێت".
لەبارەی "رێپێوانی گەملیک" ئاماژەی بەوەدا، کە پارتەکەی لە زۆربەی لە شارەکانەوە بەرەو شارۆچكەی گەملیک لە پارێزگای بورسا، کە دوورگەی ئیمرالی لێیە و ئۆجەلان تێیدا بەند کراوە رێپێوان دەکەن و خۆیشی لە شاری ئامەدەوە بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکات.
باکرهان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، کە هەدەپ لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئاکپارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان روونکردنەوەی دا.
باکرهان رایگەیاند، سەبارەت بە زیندانەکان لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەتەوە و گوتی، "ئێمە سەرکۆنەی ئەوە دەکەین کە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری داد سەبارەت بە زیندانەکان، وەک هاوپەیمانی هەژمار بکرێت. بە هیچ شێوەیەک هاتووچۆی هاوپەیمانی لە نێوانماندا نییە. نە ئەوان و نە ئێمە هیچ داواکارییەکمان نییە سەبارەت بەو هاوپەیمانییە". بەڵام نەیشاردەوە، "ئەگەر هاوپەیمانییەک هەبێت دیموکراسی مسۆگەر بکات و عەقڵیەتی قەیوم نەهێڵێت، هەروەها لە روانگەی تورکچێتی و ناسیۆنالیستی دوور بکەوێتەوە، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ هاوپەیمانی".