لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان 18 کەس برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و بەهۆیەوە 18 کەس برینداربوون. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی یارمجە و جینجیفا لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 18 سەرنشینی پاسەکە برینداربوون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دیلۆک هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی شوفێری پاسەکە گەڕاندەوە کە بەهۆیەوە پاسەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە. 
 
9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندارببوون.