هەناری هەڵەبجە گەیشتە بێرمینگهام و نەما
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە بەراورد بە ساڵانی رابردوو خواستی زیاتری لەسەربوو، ئەمەش وایکرد کە خەڵکی لە بەریتانیاوە داوای هەناری شارەزوور و هەڵەبجە بکەن، هەر بۆیە یەکەم بارهەڵگری هەنار لە هەڵەبجەوە گەیشتە بەریتانیا و دوای گەیشتنیشی بۆ ماوەیەکی کەم هەنارەکە لەنێو بارهەڵگرەکەدا نەماو و بەسەر دووکان و مارکێتەکانی بەریتانیدا دابەشکرا.
''هەناری شارەزوور باشترینە"، ئەمە نووسینی سەر ئەو کارتۆنانەی هەنارە کە لەنێو بارهەڵگرەکە لە هەڵەبجەوە بۆ بازاڕەکانی بێرمیگهام رۆیشتووە، دوای گەیشتنیشی، بەزوویی لەلایەن کوردەکانەوە بۆ مارکێت و دووکانەکان بردرا و نەما.
ئەو بەرهەمەی کە گەیێندراوەتە بەریتانیا هی جووتیارانی شارەزوور و هەڵەبجەیە، هەنارەکە بە بارهەڵگری گەورە گەیێندراوەتە بەریتانیا، خەلیل عەلی، هاوردەکاری هەناری هەڵەبجە لە بەریتانیان بە رووداوی راگەیاند "هەناری هەڵەبجە پێشوازییەکی زۆری لەلایەن کوردەکان لێکراوە، بەروبوومێکی جوانە و دووکاندارەکانیش بەردەوام دەوای دەکەن."
ئەو هاوردەکارەی هەنار لە هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەمە یەکەم باری هەنار نابێت کە لە کوردستانەوە دەهێنرێتە بەریتانیا و دەشڵێت "بە گوێرەی وەرزەکان بەروبوومەکانی دیکە لە کوردستانەوە دەهێنین و خواستێکی زۆریشی لەسەرە."
کوردێکی دانیشتووی شاری مانچستەری بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند "زۆر کەس حەزیان لە هەناری هەڵەبجەیە و بۆیە بۆ دووکانەکان هەنار دەبەین." کوردێکی دیکە دەڵێت، "رێگەیەکی زۆرم بڕیوە و بە شانازییەوە هەناری هەڵەبجە لە دووکانەکانی بەریتانیا دەفرۆشین."
شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی کە هەنارەکەی لە هەڵەبجە هێناوەتە بەریتانیان ئاماژە بەوە دەدات "یەکەمجارە هەنار لە هەڵەبجەوە بۆ بەریتانیا دەهێنین، ئەمەش یەکەمین ئۆتۆمبێلە کە بێتە ئەو وڵاتە."
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت، زۆر بە زەحمەت ئەو هەنارەمان دەستکەوتووە و ئێستا لەنێو کوردەکان وەک جەژنی لێهاتووە و دەشڵێت "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئاسانکاریی زیاتر بکەن و بەروبوومی کوردستان بهێنرێتە ئەم وڵاتە."
ئەمساڵ شەشەمین فیستیڤاڵى هەنار و پاییزى هەڵەبجە بە بەشداریی نزیکەی 600 جووتیار و خاوەن بەرهەم بە زیاتر لە 150 جۆر بەروبوومەوە بەڕێوەچوو. هەر کەپرێک بایی ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دینار تەنیا هەناریان فرۆشتووە و وا دەخەمڵێنرێت کە داهاتی هەموو بەرهەمەکانی سێ رۆژی فیستیڤاڵەکە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بێت.
فیستیڤاڵەکە لە رۆژی پێنجشەممە 2020/10/29ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی 2020/10/31 بەردەوام بوو. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵەکەدا هاوکاریی تۆڕى رێکخراوەکانى هەڵەبجەى کرد. هەروەها لە شاری هەولێریش بۆ دووەم ساڵ فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت و جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجەش بەرهەمەکانی لەو فیستیڤاڵە نمایش کرد و لەنێویشیاندا هەنار.
بەپێى ئامارەکانى کشتوکاڵ، ئەگەر قەدەخەکردنى هاوردە بەردەوام بێت و سەوزە و میوەى قاچاخ نەمێنێت، هەرێمى کوردستان لە زۆرینەى بەروبوومى کشتوکاڵیدا بەشى خۆژیێنیی هەیە.
لە سنووری هەڵەبجە 20 بۆ 26 جۆری هەنار هەیە، ئەمساڵ لەڕێگەی وەبەرهێنەر و بازرگانان لە هەرێمی کوردستانەوە دەستکرا بە هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، "لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی هەناردا، هاوردەکردنی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگییان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە بۆ هەناردەکردنی هەنار بۆ دەرەوەی وڵات.
هەروەها حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵانە 25 - 30 هەزار تۆن هەناری خۆمان دەهێندرێتە عەلوەکان، هەناری زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆمان هەیە و بەهۆی ئەوەوە نرخی دادەبەزێت و بەشێکی هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکرێت".