قایمقامیەتی ورمێ بڕیاری لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی رادەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامییەتی ورمێ لیژنەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر ناکۆکیی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو شارە لەسەر لەکارلادانی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ پێکدەهێنێت و، لیژنەکە بڕیار لەسەر یاساییبوون یان نایاساییبوونی بڕیارەکە دەدات.
 
رۆژی دووشەممە 14-10-2024 ئەنجوومەنی شاری ورمێ رایگەیاند، حوسێن مەهدیزادە، سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە لەسەر کار لادراوە و کەسێک وەکو سەرپەرشت دیاریکراوە، بەڵام سادق تەوەکولی مێهر و ساسان ئیبراهیمزادە، ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنی شاری ورمێ لەگەڵ دوو ئەندامی ئازەریی، ئەنجوومەنەکە دژی بڕیارەکە وەستانەوە.
 
لە نامەیەکدا بۆ قایمقامی ورمێ هەرچوار ئەندامە کورد و ئازەرییەکە رایانگەیاند، بەپێی یاسا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی شار فەرمی بن، دەبێت لانیکەم دوو لەسەر سێی ئەندامان بەشدار بن، بەڵام لە کۆبوونەوەی لادانی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ، لە 11 ئەندام 7 کەس بەشداربوون، بۆیە بڕیارەکە نایاساییە و داوا دەکەن پێش بە جێبەجێکردنی بگیرێت.
 
مورتەزا مەنافی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ورمێ کە دژی لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانییە دەڵێت، دەبوو لانیکەم 8 ئەندامی ئەنجوومەن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بن، هەروەها بۆ لادانی سەرۆکی شارەوانی، دەبێ سەرەتا پرسیاری لێ بکرێت لەبارەی ئەو تێبینییانەی لەسەر کارەکانی هەیە، بەڵام 7 ئەندامەکە بێ ئەوەی پرسیاری لێ بکەن، یەکسەر بڕیاری لەسەرکارلادانیان داوە. 
 
توماج وەحید ئەفشار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی شاری ورمێ دەڵێت، 10 کەس لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون و بڕیارەکە یاسایی بووە.
 
غوڵامحوسێن عەماری، قایمقامی ورمێ رایگەیاند، بڕیاری لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لیژنەیەک لە شارەزایانی یاسایی و نوێنەرانی قایمقامییەت، دەزگای داد و ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیار دەدات کە ئایا بڕیارەکەی ئەو ئەندامانە یاساییە یان نا.