نیاز ساڵح: نێچیرڤان بارزانی دۆخی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە هەڕەشەوە گۆڕی بۆ دەرفەت
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی لە ئەنقەرەیە؛ بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا پتەوکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکەیە. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانیش بڕوای وایە، سەردانی ئەم جارەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا "زۆر گرنگ و پێویست بووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، نیاز ساڵح، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو، سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەسەر بنەمای دوو ئامانجە، کە ئەوانیش برەودان بە پەیوەندییە دوولایەنەکان و گۆڕینەوەی بیروڕایە لەسەر کۆی پەیوەندییەکان، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە."
گوتیشی، "هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیربوونی ناوچەکە و ئەوەی سەلماندووە، بەو پێیەش کە تورکیا یەکێکە لە زلهێزەکانی ناوچەکە و ئەندامێکی کارای ناتۆیە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناوچەکە هەیە."
نیاز ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵانی رابردوو تورکیا هەڕەشە بوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوکات کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو، پەیوەندییەکەی گۆڕی بۆ دۆستایەتی و دەرفەت، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بوو."
لەدوای گەیشتنی بۆ ئەنقەرە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیاش بەشداربوو.
هەر لەبارەی هەمان پرس، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە رووداوی راگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گرنگی لە باشکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، تورکیاش گرنگیی زۆر بەو پەیوەندییە دەدات، سەردانی ئەم جارەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا زۆر گرنگ و پێویست بوو."
نزیکەی 19 مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە راگیراوە. ئایدن مەعروف گوتی، "بابەتی نەوت رەهەندی نیشتمانی هەیە، تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەوە حکومەتی عێراقە کە کێشەی دروستکردووە."
سەردانەکە لەکاتێکدایە کە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل ناسەقامگیرە. لە هەموو لایەکیشەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگرتن لە شەڕێکی ناوچەیی گشتگیر خراونەتەگەڕ.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بڕوای وایە، "ناوچەکە پێویستی بە ئاشتی و تەبایی هەیە و رۆڵی تورکیاش لەو بوارەدا گرنگە، دەبێت ئەوەش بزانین هەرێمی کوردستانیش خاوەن پێگەی سیاسیی و دیپلۆماسیی گرنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بۆیە ئەم سەردان و کۆبوونەوانە گرنگن بۆ ناوچەکە."
ئەم سەردانە فەرمییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە دوای شەش مانگ دێت لە سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و دواتریش بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.