دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدینی پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری لەسێدارەدانی بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن دەستەی گشتیی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023، دادگەی هەولێر لە شەشەم دانیشتنی لەبارەی کەیسەکە، دوو سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری پێشووی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، پڕۆفیسۆری پێشووی كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سەڵاحەدین دەركرد.
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023 پارێزەر برزۆ سەعید، پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری سزادانی تۆمەتباری کەیسی هەردوو شەهیدی زانکۆی سەلاحەدین بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن دەستەی گشتیی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرا."
پارێزەری دۆسیەی کوژرانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی، "هەر کەیسێکی لەسێدارەدان دەربچێت راستەوخۆ تەمیز دەکرێتەوە و دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا بچێتە دەستەی گشتی. پارێزەری لایەنی بەرامبەریش لەگەڵ تەمیز داوای سووککردنی بڕیارەکەیان کردبوو."
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری ئەو کاتی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندار کرد، دوای ئەوەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان عوسمانە" و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەدین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 رۆژی دادگاییکردنەکەیان بوو، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیان کوشتی.
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "پاش رووداوی کوشتنی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر تاوانبار دەستگیر کرا."