وەرگرتنی رسومات و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان کرایە دینار

 

رووداو دیجیتاڵ 

وەرگرتنی رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان لە دۆلارەوە کرایە دینار. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ هەموو دەروازەکان نێردراوە و لە قۆناخی جێبەجێکردندایە."
 
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نووسراوێکدا بە بڕیارى ژمارە 227ـى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ـی ئەیلوولی 2023 گشتێندراوە، هاتووە: "پشتبەست بە حکومەکانی مادەى هەشتەم، لە یاساى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 3ـى ساڵی 1992ـى هەموارکراو، لەسەر پێشنیارى وەزیرى دارایی و ئابووری بڕیاردرا وەرگرتنی رەسمی گومرگی و رەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراقی بێت."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن. لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار رووبەڕووی سزا دەبێتەوە."
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەبەرئەوەی دراوی عێراق دینارە، دەبێت قۆناخ بە  قۆناخ مامەڵەکان بکرێنە دینار، ئێمەش لە هەموو دەروازەکان ئەوەی کە دۆلار بووە بەش بەش کراوەتە دینار کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە واتا نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرین و لە دەروازەکانی دیکەش دەکرێت."
 
لەبارەی مامەڵەکردن بە دینار لە دەروازەکانی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران، باشماخ و ئیبراهیم خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان گوتی، "لە هەندێکیان نەکراوە، چونکە پڕۆسەکە پێویستی بە وردەکارییە و ئێمەش بە سیستەم کار دەکەین، بۆیە دەبێت قۆناخ بە قۆناخ هەموو سیستەمەکان بگۆڕین، بەڵام بڕیارەکە نێردراوە بۆ هەموو دەروازەکان و لە قۆناخی جێبەجێکردنی داین."
 
بە گوتەی ساماڵ عەبدولرەحمان، بڕیارەکە لە عێراقەوە دەرکراوە و هەرێمی کوردستانیش پابەندبووە .