لە ترسی بۆردوومانەکانی تورکیا گوندێک لە قەزای پشدەر چۆڵدەکرێت

رووداو - هەولێر

بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چەندین شوێن ناوچەکانی خۆیان لە ترسی بۆردوومان و شەڕ چۆڵکردووە و روویان لە باشووری کوردستان کردووە، لە گوندێکی باشووری کوردستانیش هاونیشتمانیان گوندەکەیان بەهۆی ترسی بۆردوومانی تورکیا چۆڵکردووە.
 
گوندی زێوکە، یەکێکە لە گوندەکانی سنووری شارۆچکەی ژاراوە لە سنووری قەزای پشدەر، لە چەند رۆژی رابردوو هاونیشتمانیانی ئەو گوندە بەهۆی ترسی بۆردوومانەکانی تورکیا گوندەکەیان چۆڵکردووە.
 
عەبدوڵڵا عەباس، بەڕێوەبەری ناحیەی ژاراوە لە سنووری قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لە ماوەی رابردوو و لە 24 کاژێردا زیاتر لە 10 جار دەوروبەری هەردوو گوندەکانی زێوکە و کونەرمار بۆردوومانکراون، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ هاونیشتمانیان گوندی زێوکە دروستکردووە و ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و روو لە شوێنێکی دیکە بکەن". 
 
بەگوتەی عەبدوڵڵا عەباس، گوندی زێوکە زیاتر لە 15 ماڵی لێبووە، بەڵام ئێستا هاونیشتمانی ئەو گوندە ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و لە سەرچۆمی سەرخان (25 خولەک لە قەڵازێ دوورە) خێوەتیان هەڵداوە و تێیدا دەژین. 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ژاراوە ئاماژە بەوەش دەکات، بە راوێژ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و چەند رێکخراوێک خۆشبەختانە توانراوە خێوەتیان بۆ دابینبکرێت.
 
رۆژی 21-9-2019 خوێندن لە سەرتاسەری باشووری کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە گوندی زێوکە بەهۆی بۆردوومانی تورکیا و ترسی هاونیشتمانیانی ئەو گوندە دوێنێ (سێشەممە 15-10-2019) خوێندن دەستیپێکردووە.
 
ئاوات عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زێوکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر بەهۆی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر گوندەکە نەماتوانی درێژە بە خوێندن بدەین، ئێستا لەژێر خێوەت و لەبەر هەتاو وانە بە خوێندکارەکان دەڵێینەوە.
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی زێوکە دەڵێت، ئێمە شەش مامۆستایان رۆژانە لە قەڵادزێوە دێین وانە بە خوێندکارەکان دەڵێین، ژمارەی خوێندکارەکان 15 خوێندکارە، لە پۆلی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتی. 
 
بەگوتەی ئاوات عوسمان، ئەو ناوچەیەی ئێستا دانیشووانی ئەو گوندە لێی دەژین زۆر ساردە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت و لایەنی پەیوەندیدار جێگەی تایبەت یاخود چارەسەرێک بۆ خوێندکاران نەدۆزنەوە، پرۆسەی خوێندن لەو قوتابخانەیە دەوەستێت.
 
زێوکە گوندێکە لە سنووری ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی گەزگەسک لە شارستانی پیرانشار لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لە باشوور لەگەڵ گوندی کونەمارە، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی ساوان لە شارستانی سەردەشت لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی کانی کەران.