سەرۆکی جەهەپە لە مێردین بەشداری لە زەماوەندێکدا کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە، لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بەشداریی لە زەماوەندێکی خێزانیدا کرد.
رۆژی یەکشەممە 15ی ئەیلوول ئازاد کڵنچئاسڵان، کوڕی محەممەد کڵنچئاسڵان پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە و نورهان ئیلهان، لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شارۆچکەی قۆسەری مێردین هاوسەرگیرییان کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەشداریی زەماوەندەکەی کرد و شایەتحاڵی مارەیی ئازاد و نورهان بوو.
سەرۆکی جەهەپە پیرۆزبایی لەو ژن و مێردە گەنجە کرد و رایگەیاند، شایەتحاڵی مارەیی ئازاد و نورهان بۆ ئەو جێگەی شانازییە.
ئاماژەی بەوەش دا، هەردووکیان پارێزەری سەرکەوتوون و ئازاد سکرتێری پارتەکەیانە لەو شارە.
سەرۆکی جەهەپە بە ئاماژەدان بەوەی لە مێردین پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە گوتی، "ئەوەندەی من تێگەیشتم، خەڵکی مێردین ئیدی نەک هەر سڵاومان لێدەکەن، بەڵکو دەنگیشمان پێدەدەن."
پاشان ئۆزگور ئۆزێل لەگەڵ بووک و زاوا و میوانەکان شایی کرد.