ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: نێرگەلەکێشان لە سەوزایی و پارکەکان قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، ماوەیەکە نێرگەلەکێشان لە شەقام، سەوزایی و پارکەکان بووەتە دیاردە، بۆیە هەڵمەتێکیان رایگەیاندووە و دەستبەسەر هەموو ئەو نێرگەلانەدا دەگرن کە دەبیندرێن و دەشڵێت، "کێشانی نێرگەلە لەو جێگایانە قەدەخەیە."
رۆژی شەممە 16-09-2023 رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نێرگەلەکێشان لە سەوزایی، شەقام و پارکەکان قەدەخەیە، بەو مەبەستە هەڵمەتێکمان لەگەڵ شارەوانی و قایمقامیەت راگەیاندووە و سەرجەم ئەو شوێنانە بەسەردەکرێنەوە، دەست بەسەر نێرگەلەکاندا دەگیرێت و لە شوێنكی دوور دەشکێندرێن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، نێرگەلەکێشان لە سەوزایی و پارکەکان قەدەخە بووە، بەڵام خەڵک هەبوو پابەند نەدەبوو و زۆرجار ئەوەش دەبووە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتییان یان سووتانی دار و تێکدانی ژینگە.
رێبین ئەحمەد دەڵێت، "ماوەیەکە نێرگەلەکێشان لە سەوزایی و شەقامەکان بووەتە دیاردە، بۆیە هەڵمەتەکەمان راگەیاند و ماوە ماوە بەردەوام دەبێت و لە قۆناخی یەکەم تەنیا دەست بەسەر نێرگەلەکاندا دەگیرێت و لە شوێنێکی دوور دەشکێندرێن."