ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: ئەمیرێکی داعش دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "ئەمیرێکی داعش" دەستگیرکراوە، کە ناوی (زێدان خەلیفە ئەحمەد مەتەر)ە و بە (ئەبوو لەیلا) ناسراوە.
لە راگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و "کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دروست، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە 6ی ئەیلوولی 2023 ئەمیرێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیرکرا."
بەپێی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "دەستگیرکراوەکە ئەمیری کەرتی (سەعد بن ئەبی وەقاس) بووە لە ویلایەتی دیجلە."
ئەو "ئەمیرەی داعش" کە دەستگیرکراوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، ساڵی 2014 پەیوەندیی بە رێکخراوی داعشەوە کردووە و چەکدار بووە لە ناوچەی شرگات، دواتر کراوەتە بەرپرسی مەفرەزەی هاوەن و بەشداریی لە شەڕەکانی ئەو رێکخراوە دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەرەکانی مەخموور و قەراج کردووە.
لەدوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە ساڵی 2017، وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، ئەو رێکخراوە هەڵساوە بە دروستکردنی چەندین مەفرەزە، کە "ئەم ئەمیرە" دەستگیرکراوەی ئێستا، یەکێک بووە لەو مەفرەزانە لە ناوچەکانی چیای قەرەچووخ.
بەپێی ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاویکردووەتەوە، "ئەمیرەکەی داعش" خۆی وەکو "زێدان خەلیفە ئەحمەد مەتەر" دەناسێنێت، کە ناسراوبووە بە "ئەبو لەیلا" و دەڵێت، "لەدایکبووی ساڵی 1995م. دانیشتووی گوندی گەنعوسی سەر بە شرگاتم. ساڵی 2014 چوومە نێو ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). لە یەکێک لە پەناگەکانی سەر بە ئەبو مریەم شێخ حەمەد، بەیعەتم دا و لە پەناگەی مەشق و راهێنانەکان 50 چەکدارمان لەگەڵ بوو. لەو پەناگەیە گواسترامەوە بۆ فیرقەی (النهاوند - لیواء ابو موسی الاشعری) سەر بە مەفرەزەی پشتیوانی."
لە درێژەی دانپێدانانەکەدا "ئەمیرەکەی داعش" ئاماژە بەوە دەکات، "بەشداریم لە چەند شەڕێکی سەر بە قەراج کردووە. لە یەکێک لە شەڕەکان لەکاتی دانانی هاوەن، قاچم بریندار بوو و دواتر گواسترامەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای چاکبوونەوەم لە یەکێک لە پەناگەکانی سەر بە (دیوان الجند) لەنێو (ناحیەی الزاب) کارم کرد. لە ساڵی 2017 دوای چەند رۆژێک لە پێشڕەویکردنی هێزە ئەمنییەکان و رزگارکردنی ناوچەکان بە تەواوەتی، کشاینەوە بەرەو چیای قەرەچووخ و پێیان گوتین، لەوێ شوێنی لێیە بۆ خۆشاردنەوە."
دوای چوونە چیای قەرەچووخ، وەکو "ئەمیرەکەی داعش" دەڵێت، "لەوێ وەکو ئەمیری کەرتی (سعد بن ابی وقاص)ی سەر بە ویلایەتی دیجلە دەستنیشان کرام. فەرمانمان پێکرا کە ئامانجی دارایی دەستنیشان بکەین بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ گرووپەکەمان و چووین دوو شوانمان رفاند کە سەر بە عەشیرەتی شەمەر بوون، داوای چوار دەفتەر دۆلارمان کرد لە بەرامبەر ئازادکردنیان و یەک مانگ لەلامان مانەوە، کاتێک چوار دەفتەر دۆلارەکەیان هێنا، ئازادمان کردن. دوای چەند رۆژێک زانیاریمان پێگەیشت لەسەر (یوسف طعمة) کە دەکاتە هاوسەری خوشکم و دانیشتووی کەمپی دیبەگە بوو، فەرمانم کرد بە ئەحمەدی برام بیکوژێت، کە لە دژی رێکخراوەکە کار دەکات لە کەمپی دیبەگە. دوای چەند رۆژێک لەسەر دەستی ئەحمەدی برام کوژرا."
لەبارەی شەڕکردنیان لەدژی هێزەکانی پێشمەرگە، "ئەمیرەکەی داعش" لە بەشێکی دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، "لە ساڵی 2023 چەندین ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووخ هەبوون و نەمانتوانی زیاتر لەوێ بمێنین، هەوڵمان دا بە شێوەیەکی نهێنی لە چیای قەرەچووخ بڕۆین بەرەو (حاوی الکشاف). ئێمە هەشت کەس بووین، لە (حاوی الکشاف) چەند رۆژێک ماینەوە و دواتر چووین بەرەو (حاوی ابو شیة)، لە مانگی چواری ساڵی 2023 لە (حاوی ابو شیة) دوو راوکەری ماسیمان بینی و رفاندنمان، کە هەردووکیان کورد بوون بە ناوەکانی (غازی) و (زەینەڵ) و پشکنینی مۆبایل و لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا کردن و چەند وێنەیەکمان لە مۆبایلی (غازی) دۆزییەوە کە لە هێزی پاسەوانی سنوور دەوام دەکات، لەڕێگەی دەمانچەی بێدەنگەوە سێ گولـلەمان نا بە سەریەوە و کوشتمان. بەنیازبووین پارە لە کەسوکاری (زەینەڵ) وەربگرین، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە، نەمانتوانی پارە لە کەسوکاری (زەینەڵ) وەربگرین و (زەینەڵ)مان جێهێشت. ناوچەکەمان چۆڵ کرد و هەریەکەمان چووین بە لایەکدا."
لەو ئۆپەراسیۆنەی پێشمەرگەدا، بە گوتەی ئەمیرە دەستگیرکراوەکەی داعش، چوار چەکداری سەر بە مەفرەزەکەی لەلایەن پێشمەرگەوە کوژراون، "منیش بۆ ماوەیەک خۆم شاردبووەوە و دواتر لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە دەستگیرکرام."
زەینەڵ عومەر سابیر وەکو شایەتحاڵ قسەی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، "ماڵم لە ناحیەی گوێڕە، لەگەڵ غازی قاسم ئیبراهیم، کە ئەویش ماڵی لە ناحیەی گوێڕە، چەندین ساڵ ماسیگریمان کرد، ئەمساڵیش ئیشی ماسیگریمان دەکرد، لەنێوان کەرەک و ناحیەی گوێڕ لە زێی گوێڕ ماسیمان دەگرت. دوایین جار لە 28-04-2023 لە گوندی ئەبو شیتە چووینە خوارەوە و جەزرەی شاخان تووشی مەفرەزەیەکی داعش بووین، کە لە هەشت کەس پێکهاتبوون، هەر هەشتیان چەکدار بوون و عەرەب بوون. گوتیان، ئێمە دەوڵەتی ئیسلامیین و چەک و دەمانچەیان پێبوو، ئێمەیان پشکنی و مۆبایلیان لە گیرفانمان دەرهێنا و دەست و قاچیان بەستینەوە. لە مۆبایلی غازی قاسم ئیبراهیم بۆیان دەرکەوت کە سەربازە لە پاسەوانی سنوور. من و غازییان لەیەک جیاکردەوە، دوو کەس غازییان برد، یەکێکیش هاتەوە دەمانچەی بێدەنگی برد، سێ فیشەکی لە غازی دا و کوشتی. بەنیازبوون منیش بە پارە ئازاد بکەن، پاشان جموجۆڵ لە ناوچەکە پەیدا بوو، قەرەباڵخی پەیدابوو و لایت و ئۆتۆمبێل هاتن، منیان جێهێشت و ئەوانیش هەڵاتن."