شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
رۆژنامەی کشتوکاڵی، ساڵانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەردەکرێت کە قەدەخەکردن و باجی سەر هەندێک بەروبووم دەگرێتەوە؛ ئامانجەکەش پاڵپشتیکردنە لە بەرهەمی نێوخۆ.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 16-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندەکە بە سەرۆکایەتیی کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتە. نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەیەک راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدایە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی بە مەبەستی یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی پێکهێناوە. هیوا عەلی دەڵێت، "شاندەکە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەو لیژنەیە لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆدەبنەوە، چونکە رۆژنامەی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی عێراق هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش رێکخراوە. لەو چوارچێوەیەشدا لە هەرێمی کوردستان هەندێک بەروبووم کاتی پێگەیشتنییەتی؛ بۆیە پێویستە هەناردەکردنیان رابگیرێت." 
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی هەندێک بەروبوومی نێوخۆدا لە چوارچێوەی رۆژنامەی کشتوکاڵیدا داوای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەروبوومانە دەکات، ئەگەر بەشێکی کەمیشی پێویست بوو ئەوە بەروبوومەکە هاوردە دەکات، بەڵام باج و رسوماتی لەسەر دادەنرێت.  
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، شاندەکە چەند رۆژێک لە بەغدا دەبن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی و دەشڵێت، "ئەو لیژنە تایبەتمەند و تەکنیکییە، لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی دیدگەیەکی هاوبەش رێکبخرێت بۆ زیادکردنی ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نێوەڕۆکی رۆژنامەی کشتوکاڵی."