سەندیکای شۆفێران: هەر ئۆتۆمبێلێک سیستمی فێنککەرەوە بەکارنەهێنێت لێپێچێنەوەی لەگەڵ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بەکارنەهێنانی سیستمی فێنککەرەوە 11 ئۆتۆمبێلی هێڵەکانی دەرەوەی شار بۆ ماوەی پێنج رۆژ راگیراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە. گواستنەوەی سلێمانیش دەڵێت، دەبێت سەرەتا مۆدیلی پاسەکان بگۆڕدرێت، ئەو کات ناچاربکرێن بە بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە.
رۆژی چوارشەممە 16-08-2023، ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە رووداوی گوت، دەبێت شۆفێرانی تاکسی و پاس لە ناوەوە و دەرەوەی شاریش لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تشرینی یەکەم، سیستمی فێنککەرەوە بەکاربهێنن، بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەگوتەی ئازاد ئەحمەد، بەهۆی بەکارنەهێنانی سیستمی فێنککەرەوە و لەسەر سکاڵای هاونیشتمانیان، نزیکەی 10 شۆفێریان بانگکردووەتە سەندیکا و لێپێچێنەوەیان لەگەڵ کردوون و بۆ ماوەی پێنج رۆژ کارەکانیان راگرتوون.
کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، "جگە لە بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رەزامەندیمان بۆ شۆفێران وەرگرتووە کە پەردە بەکاربهێنن، چونکە کەشوهەوا گەرمە."
سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی سلێمانی قسەیەکی دیکەی هەیە و پێی وایە نابێت هەموو شوفێرێکی تاکسی و پاس ناچاری بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە بکرێت و دەڵێت، "ئێمە پابەند نین بە هیچ بڕیارێک بەپێی یاسا و رێنمایی نەبێت. پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پاسەکانی سلێمانی. یەکێک لەوانە ئەوەیە، سیستمی سەرنشین بگۆڕدرێت بە سیستمی کات، واتە پاس بەگوێرەی کات کار بکات. دەبێت هەوڵبدرێت پاسە کۆنەکان بگۆڕدرێن بە پاسی مۆدیل بەرز و سیستمی ساردی و گەرمیان تێدا بێت."
بە گوتەی سدیق محەممەد، ناتوانرێت شۆفێران ناچاربکرێن بە بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە، چونکە نزیکەی 450 پاسی سەنتەری شاری سلێمانی مۆدێلی کۆنن و خوار 2000ن و دەڵێت، "هەر کاتێک ئۆتۆمبێلەکانیان بە مۆدێلی نوێتر گۆڕدرایەوە، ئەوکات دەتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە. پێویستە حکومەت پاسی نوێ بهێنێت و بە قیستی درێژخایەن بیدات بە شۆفێر و ئەو کات ناچاربکرێن فێنککەرەوە بەکاربهێنن."
کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانیش دەڵێت، لە نێو سەنتەری شار هەزار و 650 پاسیان هەیە، نزیکەی 450ـیان مۆدێلیان کۆنە و خوار 2000ـە ئەوانە پابەند نەکراون بە بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە، چونکە ئەوانە هەر فێنککەرەوەیان نییە، بەڵام ئەوانەی مۆدێل بەرزبن ناچارکراون بە بەکارهێنانی سیستمی فێنککەرەوە.