بڕیارە گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری گۆهدار زێباری دەڵێت، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو حوکمدراوە ئازادبکرێت.
رۆژی چوارشەممە 16-08-2023، رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گۆهدار زێباری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گۆهدار لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2020 راگیرا و بەگوێرەی مادەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ زیندانیکردن حوکمدرا، بەڵام لە شوباتی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی 60٪ کەمکرایەوە.
بە گوتەی رەمەزان ئەرتیسی، دوای کەمکردنەوەی حوکمەکەی، بڕیار بوو گۆهدار رۆژی 16ـی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بکرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوکمدرا، دوای ئەوەی ئەو بڕیارەیان تەمیزکردەوە، حوکمەکەی بۆ پێنج مانگ کەمکرایەوە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئازادبکرێت.
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن حوکم دا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
دواکەوتنی ئازاکردنی سزای گۆهدار زێباری پەیوەندی بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە بوو. رۆژی 15-03-2023، بەشدار حەسەن، پارێزەری حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گوهدار ئۆتۆمبێلێکی جۆری دایۆ مۆدیل 1993ـی هەبووە کە پێش کڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکە بۆ تۆیۆتا گۆڕدراوە و ئەوەش تاوانی گوهدار نەبووە، بەو بیانووە حەوت مانگی دیکە حوکمدراوە."
لە رووی یاساییەوە، بەگوتەی ئەو پارێزەرە، ئەو لۆگۆیە "هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبووە" و دەڵێت، "ئەگەریش سزای بدەن دەبوو بە پێبژاردن بێت."