ئاسایشی هەولێر: 10 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "تیمەکانمان 10 تۆمەتباری چەند باندێکی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکرد."
 
رۆژی یەکشەممە، 16-07-2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، بڵاویکردەوە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو لەسەر چەند باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لەلایەن تیمەکانمان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیمان 10 تۆماتباری ئەندامانی ئەو باندانەی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە کاتی فرۆشتن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەردا دەستگیربکەین."
 
بە گوێرەی ئاسایشی هەولێر، "یەکێک لە بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆرانەوە زانیاری لەسەر درا بوو، دوای هاوئاهەنگیکردن، لەلایەن تیمەکانمانەوە دەستگیرکرا."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "لە کاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی باندەکە دەستمان گرت بەسەر چەند چەکێکی بێ مۆڵەت و بڕێک مادەی هۆشبەر و کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و سەرجەم تۆمەتباران رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەدرێن بە دادگا."
 
ئاسایشی هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، هاوکار و هاوئاهەنگ بن بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان.