نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەری ساڵی مەندائییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەری ساڵی مەندائییەکان دەکات و دەڵێت، هیوادارە هاندەرێک بێت بۆ "چەسپاندنی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان."
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پیرۆزبایی لە پەیڕەوانی ئایینی سابیئەی مەندائی دەکات و گوتی، "بەبۆنەی سەری ساڵی مەندائێکانەوە پیرۆزبایی لە برایانی سابیئەی مەندائی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەم."
سابیئەكان پەیڕەوی ئایینی پێغەمبەر یەحیا دەکەن، ساڵانە چوار جەژنی ئایینییان ھەیە و رەنگی سپی درووشمیانە، بۆیە لە جەژنەکاندا گرنگی پێدەدەن و دەیپۆشن.
وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "هیوای جەژنێکی پیرۆزیان بۆ دەخوام و بە خێر و بەرەکەت دووبارە ببێتەوە و ببێتە هاندەرێک بۆ چەسپاندنی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا."
بەپێی ئامارێکی ئەنجوومەنی کاروباری سابیئە مەندائییەکانی عێراق، تاوەکو ساڵی 2003 ژمارەیان نزیک دەبووەوە لە 100 ھەزار کەس، بەڵام شەڕی تائیفی و مەزھەبی و ھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان وایان کردووە ئێستا لە سەرجەم عێراق کەمترن لە 15 ھەزار کەس، زۆربەیان رووبەڕووی کۆچی ناچاری کراونەتەوە و روویان لە ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە کردووە.
ئەوان خۆیان لە سەرجەم ئایینەکان جیاواز دەبینن و کەسیش بۆ نێو ئایینەکەیان وەرناگرن. ساڵی 2006 یونیسکۆ، زمانی سابیئەی مەندائییەکان کە بە زمانی سابیئە ناسراوە، خستە لیستی ئەو زمانانەی کە مەترسی لەنێو چوونیان لەسەرە.