بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵ: پارتی و یەکێتی داوای دروستکردنی هاوپەیمانییان لێ کردووین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، لەبەر ئەوەی یەکێتی و پارتی هۆکاری دروستنەکردنی لیستێکی کوردستانین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەند کەسایەتی و لایەنێک گفتوگۆ کراوە بۆ دروستکردنی لیستێک بەبێ پارتی و یەکێتی.
بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، کە بۆ ماوەى چوار ساڵە، لەدواى ئەوەى لە ساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق کارکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕ کرا.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "پارتی و یەکێتی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەداونەتەوە، چەند پێشنیاز و پڕۆژەیەکی دیکەش هەیە و تاوتوێیان دەکەین."
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ چەند لایەن و کەسایەتییەک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی لیستێک کراوە بەبێ پارتی و یەکێتی، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەو دوو حیزبە بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و هۆکارن بۆ پێکنەهێنانی لیستێکی کوردستانی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
بۆ یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2005، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک دەکرێت، کە پێشتر بەهۆى ناکۆکى لەبارەى تۆمارى دەنگدەران ئەو هەڵبژاردنەى تێدا نەکرابوو.
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "دەمانەوێت یەک لیستی کوردستانی لە ناوچە کوردستانییەکان هەبێت، بەڵام بەپێی پێدراوەکان، دروستکردنی لیستێکی لەو شێوەیە کارێکی ئەستەمە."
سەبارەت بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، بێستوون حەمەساڵح گوتی، "بەڵێنمان بە هیچ لایەنێک نەداوە و لە ماوەی ئەو 14 رۆژەی کە ماوە هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەین، بەڵام ئەوە یەکلابووەتەوە کە بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەین و ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە."
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند، "پشتیوانی ئەو هەوڵانەین کە نایانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر دوابکەوێت، پێشتریش پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 10-07-2023 لە نووسراوێكى فهرميدا داوای لە كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق کرد بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان ئامادهيى نيشان بدات. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا پێشنیازی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی کردووە، رۆژی 18-11-2023 یان 18-12-2023 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.