کاسبکارێک گۆرەوی دەفرۆشێت: ئاو و سەموون دەخۆم، نەک برنج و پڵاوی بەرپرسەکان
رووداو - هەولێر
تۆڕی میدیایی رووداو چووە ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر کە چوار سەر خێزانن و داهاتی مانگانەیان 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕناکات، ئەو چێشتانەی لە تەماتە دروستدەکرێن خواردنی سەرەکیی رۆژانەیانن.
ژنی ماڵەکە دەڵێت "هەژارین و دەستمان کورتە، تەنیا کوڕە 13 ساڵانەکەم کار دەکات بە عەرەبانە و شتی کۆنە کۆدەکاتەوە، رۆژانە ئەگەر پێنج هەزار دیناری دەستکەوێت، نازانم بیدەم بە چی، خوا خێری خێرخوازان بنووسێت، یەکێک قاپێک شێوم بۆ دێنێت و یەکێک شتێکی دیکەم بۆ دێنێت، ئاوا دەژین، هاوژینەکەم نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و ناتوانێت هیچ بکات".
ئێستا هەژاران بەشێکن لە دیمەنەکانی زۆربەی بازاڕ و شەقامە سەرەکییەکان، ئەوکاتەی رووداو چووە لای پیاوێکی بەتەمەن، ژەمی نیوەڕۆی نان و ئاو بوو لەسەر شەقامێک.
کەریم فەتاح، کاسبکار دەڵێت "من ئاو و سەموون دەخۆم، نەک برنج و پڵاوی بەرپرسەکان، رۆژانە گۆرەوی و کەلوپەلی جوانکاریی ئۆتۆمبێل دەفرۆشم، رۆژانە پێنج هەزار دینار کەمتر یان زیاترم هەیە، ئێمە حەوت سەر خێزانیشین، سەیری مێژووی کورد بکەین لە سەردەمی مادەکان و ساسانیەکانەوە ئێمە دەوڵەتین، کەچی هەژارمان هەر هەیە و ئەوە من نان و ئاو دەخۆم، ئەوەش ئەنجامی پەرتەوازەییە و کورد یەکگرتوو نییە بۆ دەوڵەت نین و حاڵمان خراپە".
خراپیی دۆخی ئابووریی وڵات، کەمبوونەوەی مووچە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بێکاری، هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژارین.
فەرهاد حەسەن 50 ساڵە و هەژاری ناچاریکردووە رۆژانە 10 کاژێر حەمباڵی بکات، ئەو دەڵێت "زۆری وەکو من هەژارتر بووە، پێشتر دۆخم باش بوو، بەڵام ئێستا خراپە، کارەکە وایلێهاتووە خەڵک بێزارە و مووچە نییە".
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی کردوویەتی، ساڵی 2020 رێژەی هەژاری لە عێراق نزیکەی 30% و لە هەرێمی کوردستانیش 13.7%ـە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە دوایین رووپێوییان لە ساڵی 2018 کردووە، رێژەی هەژاری 5.5% بووە. تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی دیکەی فەرمی لەبارەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە.
بۆیە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رووپێوییەکەی پلاندانانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، خۆیان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی سەرقاڵی رووپێوییەکی نوێن.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و دەستەی ئاماری ناوەندی، گەیشتووینەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، بۆ ئامادەکاری بۆ رووپێوییەکی تایبەت کە هێڵ و رێژەی هەژاری تێدا دیاریدەکرێت، وەکو ساڵانی 2007 و 2012، ئەگەر ئامادەکارییەکان تەواوبوون و بودجەی تەواو دابینکرا، پێش کۆتایی ئەمساڵ دەستپێدەکەین".
لە خەمڵاندنەکانی رابردوودا بۆ پێوەری هەژاری 110 هەزار دینار بۆ خەرجیی مانگانەی هەر تاکێک دیاریکرابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی نرخی دۆلار رێژەکە بەرزکراوەتەوە بۆ سەرووی 125 هەزار دینار.