بە بڕیاری دادگەی ئامەد 16 رۆژنامەڤانی کورد زیندانی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لەو 22 کەسەی رۆژی 8ی حوزەیران دەستبەسەرکران کە 20یان رۆژنامەڤان بوون، 16یان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
شەوی رابردوو 15ی حوزەیرانی 2022 لە دادگەی ئێشکگری ئامەد پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو 22 کەسە بەڕێوەچوو، کە 20یان رۆژنامەڤانن و لە رۆژی 8ی حوزەیرانەوە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئامەد لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستبەسەرکرابوون.
پرۆسەی دادگاییکردنی 21 کەسیان کۆتاییهات کە داوای زیندانیکردنیان دەکرا و بە بڕیاری دادگە 16 رۆژنامەڤان سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و رەوانەی زیندانکران.
پێنج کەسەکەی دیکەش کە چواریان رۆژنامەڤانن بە مەرجی دادی ئازاد کران. لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگە ژمارەیەک رۆژنامەڤان بۆ پاڵپشتیکردن لە هاوپیشەکانیان و کەسوکاری ئەو رۆژنامەڤانانەی دادگایی دەکران لەبەردەم دادگەی ئێشکگری ئامەد گردبوونەوە بە گوتنەوەی درووشمی "بەخۆڕاگری سەردەکەوین" و "خۆڕاگری ژیانە" پرۆسەی دادگاییکردنەکە و بڕیارەکانی دادگەیان سەرکۆنە کرد.
دیجلە موفتوئۆغڵو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی دیجلە و فورات رایگەیاند، کاژێر 13:00ی رۆژی پێنجشەممە 16ی حوزەیران بۆ سەرکۆنەکردنی بڕیاری زیندانیکردنی هاوپیشەکانیان لە شاری ئامەد گرددەبنەوە.