ژمارەیەک دووکان بە پاساوی پابەندنەبوونی سەردانیکەرانیان بە باڵاپۆشی داخران


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک دووکانی کتێبفرۆشی، جوانکاری و خواردنگە لەنێو شاری سنە بە پاساوی پابەندنەبوونی سەردانیکەرانیان بە باڵاپۆشییەوە داخران.
 
ژینا مودەڕیس گورجی، چالاکڤانی مافی ژنان و خاوەنی کتێبفرۆشیی ژیرا لە شاری سنە لە پەیجی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە، کتێبفرۆشییەکەی بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە داخراوە. 
 
ژینا مودەڕیس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی فەرمانگەی پۆلیسی چاودێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکان ناسراو بە (ئەماکن)ی کردووە و ژمارەیەک دووکانداری دیکەش لەوێ بوون، ئەوەش بە هۆی دەرکردنی بڕیاری داخستنی دووکانەکانیان. 
 
خاوەنی ئەو دووکانانە رۆژی دووشەممە، 15-04-2024، لە بڕیاری داخستنی دووکانەکانیان ئاگادار کراونەتەوە و ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارەکە جێبەجێ کراوە. 
 
ژیرا یەکێکە لە کتێبفرۆشییە ناسراوەکانی نێو شاری سنە و ساڵی 2017 لە لایەن ژینا مودەڕیسەوە کرایەوە و کتێب بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی دەفرۆشێت. جاروبار چالاکیی هونەریش لەو کتێبفرۆشییەدا بەڕێوەدەچن.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا هێزەکانی پۆلیسی سنە بە پاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە زیاتر لە 20 دووکانیان لە نێوشاری سنە داخستووە.
 
پۆلیسی ئێران باس لەوە دەکات، لە رۆژی شەممە 13-04-2024ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانی پابەندی بە باڵاپۆشی کردووە و ئەو ژن و کچ و شوێنانە سزا دەدرێن کە پابەندی باڵاپۆشی نابن.