هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە دەستیپێکردووەتەوە و ئەو کێشانەی هەبوون چارەسەرکراون. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەڵێت، بەهۆی راگرتنی هاتووچۆی گەشتیاری زیاتر لە 100 گەشتیار لە دیوی ئێرانەوە کێشەیان بۆ دروستبوو.
دوێنێ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، بەهۆی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و سیستمی بەڕێکردنی گەشتیاران لە دیوی ئێران هاتووچۆی گەشتیاری راگیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رۆژی سێشەممە، 16-04-2024، رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە ئاساییە و دەستیپێکردووەتەوە و ئەو کێشانەی هەبوون لە دیوی ئێران چارەسەرکراون.
مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 11:30 خولەکی ئەمڕۆ هاتووچۆ لە دیوی ئێرانەوە راگیرابوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، بەهۆی راگرتنی هاتووچۆوە کێشە بۆ زیاتر لە 100 گەشتیار دروستبوو، بەڵام ئەمڕۆ کێشەکە لە دیوی ئێرانەوە چارەسەرکراوە و هاتووچۆ ئاساییە.
مەریوان کەریم دەڵێت، هاتووچۆی بازرگانی ئاساییە و ئەو کێشەی دروست بوو تەنیا هاتووچۆی گەشتیاری گرتەوە، چونکە تەنیا سیستەمی بەڕێکردنی گەشتیاران کێشەی تێکەوت و راگیرا.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
لەگەڵ حەوت دەروازەی نافەرمی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار داوای بە فەرمی ناساندنی کردوون.