کچە کوردێکی ئامەد رووبەڕووی سەرۆکی پارتێکی نەتەوەپەرست دەبێتەوە: من دەڵێم هەدەپە
رووداو دیجیتاڵ
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر، کە پارتێکی نەتەوەپەرستی دژە کۆچبەرە لە تورکیا، لەم رۆژانەدا بە گوتەکانی لە دژی کۆچبەران و دەنگدەرانی هەدەپە بووەتە رۆژەڤ. بارۆی ئامەدیش سکاڵا لەسەر سەرۆکی ئەو پارتە تۆمار دەکات.
ئۆزداغ رۆژی 14ی نیسان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کاتێک رووبەڕووی کچێکی کورد بووەوە و داوای دەنگی کرد، کچە کوردەکە ئومیتی نائومێد کرد.
گفتوگۆی نێوان ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر و کچە دەنگدەرێکی کورد:
ئومیت ئۆزداغ: دەڵێین زافەر و لە سەرکەوتن بەیەک دەگەین.
دەنگدەرێكی کورد: ئێمە نایڵێین.
ئومیت ئۆزداغ: چی دەڵێن؟
دەنگدەرێكی کورد: من دەڵێم هەدەپە.
ئومیت ئۆزداغ: دەڵێیت هەدەپە؟
دەنگدەرێكی کورد: بەڵێ.
ئومیت ئۆزداغ: بەڵام تۆ لە بکوژ ناچیت.
دەنگدەرێكی کورد: ئێمە بکوژ نین.
ئومیت ئۆزداغ: بەڵام لەنێو هەدەپەدا هێندە بکوژ زۆرن، هێندە ئەوانە زۆرن کە سەربازی تورک و پۆلیسی تورکییان کوشتووە.
دەنگدەرێكی کورد: ئەمە ژیانە.
ئومیت ئۆزداغ: کێ ئەوانەی کوشت؟
دەنگدەرێكی کورد: کێ کوشتنی؟ رێکخراوی تیرۆر و دەوڵەت.
ئومیت ئۆزداغ: پەکەکە؟
دەنگدەرێكی کورد: رێکخراوی تیرۆر و دەوڵەت کوشتنی.
بارۆی ئامەد سکاڵای لەسەر ئومیت ئۆزداغ تۆمار کرد بەوە تۆمەتباری کرد کە ئۆزداغ "بە ئاشکرا تاوانی زەلیلکردنی بەشێک لە خەڵک"ی کردووە.
ئۆزداغ لە تویتەر بە زمانێكی تووند وەڵامی بارۆی ئامەدی داوەتەوە و نووسیویەتی، "بە تیرۆریست دەڵێم تیرۆریست. ئاشکرایە کە بارۆی دیاربەکر دامەزراوەیەکی داگیرکراوی کۆماری تورکیایە. بارۆی دیاربەکر لە هەموو بۆنەیەکدا بە ئاشکرا دژایەتیی کۆماری تورکیا و گەلی تورک دەکات."
ئۆزداغ رۆژی 11ی نیسان لە ئیستەنبووڵەوە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا هێرشی کردە سەر یەسەپە و گوتی، "سەردانی هەموو ستاندەکان دەکەین، دەگەڕێین. هاتین بۆ ئێرە ستاندی پارتی چەپی سەوز، کەسی لێ نییە، رەنگە چووبنە شاخ."
پارتی چەپی سەوز بە تویتێک وەڵامی ئۆزداغی داوەتەوە و نووسیویەتی، "ئەم فاشیستە هات بۆ سەردانی ستاندەکەمان. هاوڕێکانمان بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشیی هاری نەبن ناوچەکەیان جێهێشت. وەکو دەزانن هاری درمە."
ئومیت ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار. لە ئابی 2021 دا پارتی زافەری دامەزراند و تاکە پەرلەمانتاری پارتەکەیەتی لە پەرلەمان. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، پارتی زافەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاردا کەمتر لە 1%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.