ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: لەگەڵ پێشنیازی یونامی نین کە دەڵێ دوو کورسی پێکهاتەکان لە سلێمانی بێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لەگەڵ ئەو پێشنیازەی یونامیدا نین کە دەڵێت، 2 کورسی پێکهاتەکان لە سنووری سلێمانی بێت، چونکە "بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان، دەبێت لەو 11 کورسییەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هەیانە چواریان لە سلێمانی، چوار لە هەولێر و سێ کورسییەکەی دیکەش لە دهۆک بن".
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبەیە، شەوی رابردوو میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و، لەبارەی ناکۆکییەکانی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن گوتی "لە رابردوودا ناکۆکی لەسەر کۆمەڵێک شتی بنەڕەتی هەبوون، وەک سیستمی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن، بەڵام دوای چەندین دانیشتن، توانیمان بگەینە لێکتێگەیشتن. ئەو بابەتانەی ئێمە پێشنیازمان کردبوون وەک هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە رووی یاسایی، دەستووری و تەکنیکی شتی مەنتقی بوون؛ بۆیە پارتیش لەگەڵمان هاتە سەر خەت".
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکیتی، تاکە گرفتی بەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردن، 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە و دەڵێت: "ئێمە قسەمان لەسەر کەمکردنەوە و زیادکردنی کورسیی پێکهاتەکان نەکردووە، هەرچەندە لە عێراق لەکۆی 18 پارێزگا و 329 کورسی پەرلەمان، 9 کورسی کۆتا هەیە، لەنێو ئەو کورسییانەشدا پێنج کورسی بۆ کریستیانەکانە."
رزگار حاجی حەمە دەشڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لە عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای دەکرد کۆتاکان دابەشبکرێن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن، واتا ئەوەی ئێمە لە کوردستان داوای دەکەین داواکاری پارتی بوو لە عێراق، واتە لە عێراق دەڵێن دابەشبکرێت و لێرە دەڵێن نەخێر".
رزگار حاجی حەمە لەبارەی ژمارەی کریستیانەکان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "کورسی پێکهاتە بە ژمارە نییە و لە هەولێریش نازانرێت چەند کریستیان هەیە؛ لە دهۆک کورسی بۆ ئەرمەن هەیە، بەڵام کێ دەزانێ چەند ئەرمەن لەوێ هەن؟ با بڕۆین بزانین ژمارەی کریستیانەکانی سلێمانی سێ ئەوەندەی ئەرمەنی ئەوێ نییە؟".
یونامی پێشتر لە 9ـی نیساندا، دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کردووە؛ یەکەم: پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. دووەم، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن دروستبووە، یەک کورسی کریستیان و یەک کورسی تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت.
لەبارەی پێشنیازەکەی یونامی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت "دانیشتووانی سلێمانی نزیکەی دوو ملیۆن و شتێکە، بەو پێیە لەو 111 کورسییەی پەرلەمان 45 کورسی بەردەکەوێت؛ هەولێریش بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان 39 کورسی و دهۆک 27 کورسی بەردەکەوێت؛ بۆیە ئەگەر 11 کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێن، ئەوە چواریان بۆ سلێمانی، هەولێر چوار و دهۆک سێ کورسیان بەردەکەوێت؛ بۆیە لەگەڵ ئەو پێشنیازەی یونامیدا نین کە دوو کورسی بۆ سلێمانی بێت، چونکە ئەوە بەو مانایە دێت دوو کورسی کە ئیستحقاقی سلێمانییە، دەدرێتە هەولێر و ئەوەش قبووڵ ناکرێت".
رزگار حاجی حەمە گوتیشی: "لەرووی یاسایی، دەستووری و تەکنیکییەوە دەبێت کورسی پێکهاتەکان دابەشی پارێزگاکان بکەین، چونکە کە دێن 11 کورسی کۆتا لە سلێمانی و دهۆک دادەنێن، لە ئەنجامدا دەبینی چوار کورسی کۆتا لە کورسی گشتی سلێمانی رۆیشتووە، چونکە 11 کورسی پێكهاتەکان لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە".