سەرکردەیەکی داعش کە بەشداریی لە کۆمەڵکوژییەکەی سەربازگەی سپایکەر کردووە دەستگیرکرا
رووداو - کەرکووک
سەرکردەیەکی داعش کە هێزە ئەمنییەکان بە مەترسیدار ناویدەبەن لە نێوجەرگەی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک دەستگیرکرا، کە لەو گەڕەکە خۆیان وەکو ئاوارە ناساندبوو؛ سەرکردە دەستگیرکراوەکەی داعش بەشداریی لە کۆمەڵکوژییەکەی سەربازگەی سپایکەر کردووە.
رۆژی پێنجشەمە 16ی نیسان، لە هەڵمەتێکی لیوای 61 و هێزە ئەمنییەکاندا ژمارەیەک گومانلێکراو دەستگیرکران، یەکێکیان سەرکردەیەکی داعش بووە، شایەتحاڵێک دەربارەی سەرکردەکەی داعش گوتی "پێویستە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی کە کێیە و کێ نییە، من منداڵە بچووکەکانم بینیوە لەگەڵ ئافرەتەکان، پیاوێکیان هەر بە ماتۆڕ هاتووچۆی دەکرد".
ئەو سەرکردەیەی داعش خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە و خۆی، برایەکی، سێ منداڵ و هاوژینەکەی خانووەکەیان بەکرێ گرتووە، پێشتر هەر لە کەرکووک لە گەڕەکی پەنجا عەلی نیشتەجێ بووە.
لوقمان عەلی، موختاری گەڕەک دەڵێ "ناوی لای ئێمە تۆمار نەکراوە، پێنج کەس بوون و خەڵکی سەڵاحەددین بوون، پرست پێناکەن، خانووی بەتاڵ هەبێت دەیدەنە کرێ و لێی ناکۆڵنەوە کێیە".
دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی داعش بووەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ هێزە ئەمنییەکان و دانی بە بوونی چەندین گرووپی سەر بە داعشدا ناوە لە سنووری کەرکووک.
لیوا عەلی موتەشەر، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند "هێزەکانمان ئامادەن بە بەردەوامی بۆ گەڕان و پشکنینی هەر شوێنێک و دەستگیرکردنی هەر کەسێک، ئەو کەسانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ و لە زیندان دەمێننەوە بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە".
چەند رۆژێکە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک هێزی سەربازیی پۆلیسی فیدراڵی بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە لەنێو شار جێگیرکراون.