ئەندامێکی لیژنەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی کۆمیسیۆن: حیزبەکان دەتوانن ئەندامانی کۆمیسیۆنیان بگۆڕن


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەڵێت، دوای پشووەکانی جەژنی نەورۆز لیژنەکەیان دەست بە کارەکانی دەکات و سیڤیی بەربژێرانی کۆمیسیۆن وەردەگرێت. دەشڵێت: "هەر هێزێکی سیاسی بیەوێت ئەندامی کۆمیسیۆنەکەی بگۆڕێت دەتوانێت سیڤیی بەربژێرە نوێیەکەی بنێرێت." 
 
دوێنێ پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ پاڵاوتنی‌ بەربژێرانی نوێی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی‌ پێكهێنا. ئەندامانی ئەو لیژنانە پێکدێن لە بژار كۆچه‌ر، نوێنه‌ری پارتی، عه‌باس فه‌تاح، نوێنه‌ری یه‌كێتی، به‌ڵێن ئیسماعیل، نوێنه‌ری گۆڕان، روبینه‌ ئوملیک، نوێنه‌ری هاوپه‌یمانیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی كلد و ئاشوورییه‌كان و سارا دڵشاد چاوشلی، نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌ توركمانییه‌كان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-03-2023، بەڵین ئیسماعیل بە رووداوی گوت، لیژنەکەیان سیڤیی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە خوازیارن ببن بە ئەندامی کۆمیسیۆن، ئەندامەکانی ئێستاش بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەتوانن بۆ جاری دووەم متمانە وەربگرن، بەڵام ماوەیەکی زۆرە لە بۆشایی یاساییدان، بۆیە کە متمانە وەردەگرنەوە ئەو بۆشاییەیان بۆ هەژماردەکرێت، هەر هێزێکی سیاسیش بیەوێت کۆمیسیارەکەی بگۆڕێت، دەتوانێت سیڤی بنێرێت.
 
دوای ئەوەی ناوی بەربژێران خرایە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان و بەگوتەی بەڵێن ئیسماعیل، لە پەرلەمانی کوردستانیش متمانە بە کۆمیسیارە نوێیەکان دەدەن. 
 
لەبارەی کاتی وەرگرتنی سیڤیی بەربژێرانی لایەنەکان بۆ ئەندامبوون لە کۆمیسیۆن؛ بەڵێن ئیسماعیل دەڵێت، کارەکانیان دەکەوێتە دوای پشووەکانی نەورۆز.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە، (9) ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەیە کە بەسەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دابەشکرابوون، پارتی سێ ئەندام کە ئێستا دوانیان نەماون، یەكێتی دوو ئەندام، بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەندام و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان یەک ئەندام و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان یەک ئەندامی هەیە. هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆن، چواریان پارتی، سێیان یەكێتی، سێیان گۆڕان، یەک یەكگرتوو و یەکێکیان كۆمەڵە.