سێ کەس لە حوکمدراوانی بادینان ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، سێ لە گیراوانی بادینان کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێن، ئازادکران.
کامەران سارمەمی، پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16-03-2023) بە رووداوی گوت، سێ حوکمدراوی بادینان بە ناوەکانی: ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازادکران.
بەیانی ئەمڕۆ بەشدار حەسەن پارێزەرێکی دیکەی حوکمدراوانی بادینان بە رووداوی گوت، ئەیاز ئەکرەم تۆمەتێکی دراوەتە پاڵ و رەنگە دادگایی بکرێت. بەڵام کامەران سارمەمی پارێزەرێکی دیکەی حوکمدراوان کە لەگەڵیاندا بووە گوتی:" بەڵێ لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتێکی دراوەتە پاڵ، بەڵام کە سەردانی ئاسایشی هەولێرمان کرد، بە ئێمەیان گوت هیچ دۆسیەیەکی لای ئێمە نییە و کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ ئازادیان دەکەین، قسەکەشیان دروست بوو و ئەوکاتە ئازاد کران".
دادگای تاوانی هەولێر، رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
مانگی شوباتی 2022 حوکمدراوانی بادینان بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لەسەر کەمکرایەوە، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، بەگوێرەی ئەو بڕیارەش، ئەمڕۆ ئەو سێ حوکمدراوە ئازادکران. تەنیا گوهدار زێباری نەبێت کە دوێنێ لەلایەن دادگای تاوانی هەولێر بە حەوت مانگی دیکە زیندانیکردن، حوکمدرا.