گرووپێکی شاخەوانی لەسەر چیای شاهۆ یادی هەڵەبجە دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامانی گرووپی شاخەوانی نوور لە شاری پاوە لە رێپێوانێکدا بۆ سەر چیای شاهۆ یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و نۆدشەیان بەرز راگرت.
 
سەباح وەلەدبەگی، ئەندامی یانەی شاخەوانی نوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم یانەیە لە 10 ساڵی رابردوو هەموو ساڵێک یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەیان بەرز راگرتووە."
 
یانەی شاخەوانی نوور لە پاوە نزیکەی دوو دەیەیە دامەزراوە. ئەوان ساڵی 2014ش بە دروشمی (سنوور تاوەکو مەزار) لە شوشمێ لە سنووری شاری پاوە تاوەکو مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەیان بەپێ بڕی.
 
شارۆچکە نۆدشە لە نزیک پاوەش رۆژێک دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، واتە رۆژی 17.03.1988 لەلایەن دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە بۆردوومان کرا و بەپێی راپۆرتی فەرمیی حکومەتی ئێران لەو هێرشە کیمیاییەدا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 100 کەسیش بریندار بوون.
 
لە ساڵانی رابردوودا چالاکڤانانی خوێندکاریی کورد لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێران بە رێوڕەسمی جیاواز یادی شەهیدانی هەڵەبجەیان بەرز رادەگرت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی گوشاری لایەنە ئەمنییەکانەوە ئەو رێوڕەسمانەش بەڕێوەناچن.