لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کرماشان دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە منداڵن و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی قەسری شیرین- سەرپێل زەهاو بووە و لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 و ئێل نەوەد روویداوە.
 
سیروس فەلاحەتی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی شاری قەسری شیرین رایگەیاند، لە رووداوەکەدا دوو کەس لە سەرنشینانی پیژۆ 405 گیانیان لەدەستدا، کە منداڵن و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
فەلاحەتی گوتی، دوای ئاگاداربوونیان لە رووداوەکە، تیمەکانی فریاکەوتن لەگەڵ تیمەکانی رێگەوبان گەیشتنە شوێنەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە، هەروەها رێگەکەیان کردەوە، کە بەهۆی ئەو رووداوەوە بەڕووی هاتووچۆدا داخرابوو.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی شاری قەسری شیرین رایگەیاند، بەهۆی تیژرۆیی ئۆتۆمبێلی پیژۆ 405 و دەرچوون لە سایدی خۆی بووە.
 
لە 10 مانگی رابڕدوودا لە سنووری شاری قەسری شیرین پێنج کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2024، محەمەد حەیدەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشانی گوتبووی، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 424 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتۆچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و 8020 کەسیش بریندار بوونە.