لە دوو شارۆچکەی رووها قوتابخانەکان بەهۆی لافاوەوە داخران
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەکانی ئەیوبییە و خەلیلییە سەر بە پارێزگای رووها بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکان و باخچەی منداڵان کرایە پشوو.
قایمقامیەتی شارۆچکەکانی ئەیوبییە و خەلیلییە لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا کە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویانکردووەتەوە رایانگەیاندووە، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، ئەمڕۆ هەینی 16ـی شوباتی 2024، قوتابخانەکانی سنووری ئەو دوو شارۆچکەیە ناکرێنەوە.
لە راگەیێندراوەکاندا ئاماژە بەوەدراوە، بڕیارەکە ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە لە گوندەکانەوە دێنە شارۆچکەکان.
لە رۆژانی 14 و 15ـی شوبات بەهۆی لافاو لە پارێزگای رووها قوتابخانەکان داخران. کەشناسیی تورکیاش زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە بارانبارین بەردەوام دەبێت.