راوێژکارێکی مەسرور بارزانی: وتووێژەکان لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە سەرەتاکانیدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایدەگەیێنێت، هێشتا گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراقەوە لە سەرەتاکانیدایە و بڕیارە لە ماوەکانی داهاتوودا تاوتوێی وردەکارییەکان بکەن. دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەشنووسی یاسای ساڵی 2007ـە و بە گونجاوی دەزانێت، بەڵام بەغدا رەشنووسی ساڵی 2011 بە باشتر دەزانێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 16-02-2023 د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە و بابەتی یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ، ئەوەی تاوەکو ئێستا باسکراوە هێڵە گشتییەکانن، بەڵام هەردوولا نەچوونەتە نێو وردەکاریی رەشنووسەکە چۆن بێت و چی تێدابێت و ماف و ئەرکەکان چۆن دیاری بکرێن."
 
د. بێوار خنسی روونیشیکردەوە، "لە داهاتوودا و لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکرێت، لیژنەی یاسایی و تەکنیکی و هونەری، بەڵام هێشتا نەچووینەتە نێو ئەو وردەکارییانەوە."
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیران لەبارەی بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی لە یاسای نەوت و گاز، کە کێشەیەکە تەمەنی نزیک بە 20 ساڵ دەبێت، گوتی، "لەگەڵ ئەوەدایە مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێشێل نەکرێت و مافیان بەسەر سامانە سرووشتییەکانەوە هەبێت، بۆیە هەرێمی کوردستان و شاندەکەشی پێیانوایە باشترین رەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئەوەیە لە ساڵی 2007 نووسرایەوە و دواتر پەکخرا، چونکە لەوێ تاڕادەیەکی زۆر مافی هەموو پارێزگا و هەرێمەکان دەستەبەر کراوە و هەموو شتێک ناوەندی نییە."
 
بەڵام ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "پێدەچێت وەزارەتی نەوتی عێراق پێی باش بێت پشت بە رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2011 ببەسترێت کە بەلای هەرێمی کوردستانەوە پەسند نییە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا د. بێوار خنسی باسی لەوەش کرد، هەر پرۆژەیاسایەک چ کۆن بێت یان نوێ، پێویستی بە رێککەوتن و هاوئاهەنگی هەیە و هەردوولا ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتنیان هەیە. دەشڵێت، "ئەگەر هەریەک لەو سێ پرۆژەیاسایەی پێشتریش پشتی پێ ببەسترێت، دەبێت دەستکاری بکرێت."
 
یەکێک لە دیارترین کێشەکانی نەوت و گاز لە عێراقدا، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2003وە، نەبوونی یاسای نەوت و گازە. لە 2007ـەوە سێ جار پرۆژەیاسای نەوت و گاز لە عێراق رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، نەبوونی ئەم یاسایە وایکرد هەرێمی کوردستان خۆی یاسایەک بۆ نەوت و گازەکەی دەربکات.
 
بەپێی مادەی 112ی دەستوور، بیرە نەوتەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی پێش ساڵی 2005ن بەڕێوەبردنیان لەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەر بیرە نەوتێکیش دوای پەسندکردنی دەستوور بێت، بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.
 
رۆژی 15ی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە "نادەستووری" ناساندی، داواشی لە هەرێمی کوردستان کرد داهاتی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات؛ هەرێمی کوردستانیش کە لەو کاتەوە کەوتووەتە ژێر چەندین گوشاری جیاوە، بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە.