هەفتەی داهاتوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، رێواز فایەق، ئەندامی شاندی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کۆببینەوە، بەڵام هێشتا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیار نییە و بە رێککەوتنی هەردوولا کات و شوێنەکە دیاری دەکەین، لەبەر ئەوەش کە لیژنەکە لەسەر ئاستی باڵا نییە، بۆیە کام شوێن گونجاو بێت لەوێ کۆدەبینەوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی یەکێتی، لەبەر ئەوەی ئەندامەکانی شاندی تەکنیکی هەردوولا، بەشێکیان لە حکومەتن و سەرقاڵی بابەتی مووچە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بوون؛ بۆیە نەیانتوانی ئەم هەفتەیە کۆببنەوە.
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباحە. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.
ئامانج لەم زنجیرە کۆبوونەوەیەی هەردوو حیزبەکە، ئامادەکردنی رەشنووسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە.