گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایین
رووداو دیجیتاڵ
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەردەوامن، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە راگیرابوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەستی کەوتووە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە ئاسایین و بەردەوامن.
بەپێی ئەو خشتەیەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ گەشتەکانی بڵاویکردووەتەوە، کاژێر 01:01 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەشتێک لە ئەستەنبووڵەوە بۆ هەولێر، کاژێر 02:24 خولەک گەشتێک لە بەسرەوە بۆ هەولێر هەبووە و ئەنجامدراون.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 16-01-2024 کاژێر 7:10 خولەکی بەیانی گەشتێک لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە بۆ هەولێر هەبووە. هاوکات کاژێر 13:30 خولەکی پاشنیوەڕۆیش گەشت لە بەغداوە بۆ هەولێر و کاژێر 13:31 خولەکیش گەشتێک لە شاریقەی ئیماراتەوە بۆ هەولێر هەبوون.
شەوی رابردوو سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە رووداوی گوت، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە راگیراون.