فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت: دوو مووشەکی ئێرانمان خستە خوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە 'دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری' رایگەیاند، هێزەکانیان دوو مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە و هەواڵ کوژرانی بەرپرسی دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریش رەتدەکاتەوە.
 
موقەدەم عەبدوڵڵا حەمەرەشید، فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەڕاسیۆنی تایبەت لە دەزگاکە لە روونکردنەوەیەکدا لەدوای زیاتر لە سێ کاژێر لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، رایگەیاند: "پێش چەند کاژێرێک هێزەکانمان توانییان سەرکەوتووانە دوو مووشەکی ئێرانی لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی دژە مووشەکی بخەنە خوارەوە."
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی لەبارەی بە ئامانجکردنی ئەژی ئەمینەوە بڵاوکرانەوە، فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت رایگەیاند: "دڵنیایی دەدینە هاووڵاتیانمان کە بەڕێز مامۆستا ئەژی و تەواوی هێزەکانمان سەلامەتن و هەواڵی تیرۆرکردنی مامۆستا ئەژی دوورە لە راستییەوە."
 
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، ژمارەیەک مووشەک شاری هەولێر و دەورووبەری کردە ئامانج سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە گرتە ئەستۆ  و رایگەیاند ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی ئێرانی رەتکردەوە و بە بێ بنەما ناوی بردوون.
 
کاژێر 1:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16-01-2024 نووسینگەی رۆژنامەوانیی ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رەتیکردەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "مووشەکێک بۆ سەر ماڵەکەی ئەژی ئەمین هاوێشتراوە، بەڵام ئەژی ئەمین سەلامەتە، مووشەکەکە لە یەکێک لە باخەکانی نزیک لە ماڵەکەی خراوەتە خوارەوە."