گەنجێک لە نێو شاری جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

کاژێر نزیک 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئێران لەنێو شاری جوانڕۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە شۆفێرەکەی گەنجێکی 24 ساڵان بوو بە ناوی سوهەیب ئەحمەدی.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە جوانڕۆوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، سوهەیب ئەحمەدی سێ گولـلەی بەر سەر و ملی کەوتوون و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
سوهەیب ئەحمەدی لەنێو شاری جوانڕۆ دووکانی سەرتاشی هەبووە و تاوەکو ئێستا دیارنییە، هێزەکانی ئێران بۆچی تەقەیان لێکردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، شایەتحاڵان بە کەسوکاری سوهەیب ئەحمەدییان گوتووە، هێزەکانی پۆلیس بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکردووە.
 
بەپێی ڤیدیۆیەک کە دوای رووداوەکە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە تۆمارکراوە و لە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبێلی سوهەیب ئەحمەدی هیچی تێدا نەبووە. ئاسەواری گوللەی زیاتریش بە ئۆتۆمبێلەکەوە دیارە.
 
تەرمی سوهەیب ئەحمەدی سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ و دواتریش بۆ دادپزیشکی کرماشان گواستراوەتەوە بۆ توێکاری.