لە شرنەخ بیرێکی نوێی نەوت لێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتی زیاتر لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دەستی بە لێدانی بیرێکی نوێ کرد.
ئەمڕۆ هەینی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، دامەزراوەی نەوتی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بەردەوامین لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی چیای جودی-گابار.
دامەزراوەی نەوتی تورکیا لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دەستدەکەین بە لێدانی بیری کاپانلی-1 بۆ تاقیکردنەوەی پێکهاتەیەکی نوێ لە شوێنێکی جیاوازدا، ئامانجمان سێ هەزار و 130 مەترە."
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ئێوارەی رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، ساڵی داهاتوو نەوتی گابار 10%ی پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا بە وزە پڕدەکاتەوە.
بەپێی ئەو پلانەی دامەزراوەی نەوتی تورکیا TPAO کاری لەسەر دەکات، ئاستی بەرهەمەکەی لە ساڵی 2024دا 10%ی پێداویستییەکانی تورکیا بە وزە پڕدەکاتەوە. لە ساڵی 2026یشدا رێژەکە دەگاتە 18%.
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرنەخ، سێرت، جۆڵەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.