قایمقامی دەربەندیخان: رێگەیەکی نوێ لەنێوان دەربەندیخان - زەڕایەن دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە رێگەیەکی نوێ لەنێوان دەربەندیخان - زەڕایەن دەکرێتەوە کە ئەوەش رێگەی ناوتاقە و پێشبینی دەکەن 70%ی رووداوەکانی هاتووچۆ کەمبکاتەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 15-12-2022، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەیەکی نوێ لەنێوان دەربەندیخان - زەڕایەن دروستدەکەن و پرۆژەکەش تەندەرینی دەرچووە و ئەمڕۆ بەردی بناخەی دانراوە و رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە کاتی کارکردن لە رێگەکە بە شێوەی فەرمی رادەگەیێندرێت.
قایمقامی دەربەندیخان پێیوایە ئەو رێگەیە کە بە رێگەی ناوتاق ناودەبرێت، رۆڵی بەرچاوی هەبێت لە کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ لە دەڤەرەکە و دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانیان 70%ی رووداوەکانی هاتووچۆ کەمدەکاتەوە.
سلێمان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردەوام دەڵێن رێگەی ناوتاق رێگەی جێگرەوەیە بۆ تونێلی دەربەندیخان، مەبەست لەوە داخستنی تونێلەکە نییە، بەڵکو ئێمە پێشنیازمان کردووە رێگەی ناوتاق بۆ بارهەڵگر بەکاربهێندرێت بۆئەوەی لە تونێلی دەربەندیخان هاتووچۆ نەکەن، ئیدی بڕیارەکە لای رێگەوبانی سلێمانییە."
درێژیی رێگەی ناوتاق 22 کیلۆمەترە و زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.