ئەندامێکی یەکێتیی جووتیاران: بەڕێوەبەریی ناحیەکانی مەخموور بۆ گەڕانەوەی جووتیارانی کورد هاوکار نین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیارانی کوردستان دەڵێت، گرنگە سەرجەم جووتیارانی کورد لە مەخموور، لە زێدی خۆیان بەشداریی سەرژمێری بکەن؛ گوتیشی، ''بەهۆی ژمارەیەک رۆتینەوە، بەڕێوەبەریی ناحیەکانی قەزاکە، بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی کورد هاوکار نین".
ئەمڕۆ هەینی 15-11-2024، هەڵکەوت محەممەد، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیارانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێری لە قەزای مەخموور کە دەکەوێتە سنووری مادەی 140ـەوە رایگەیاند، ''گرنگە دانیشتووانی گوندەکانی کورد لە سنوورەکە، لە 20 و 21ـی مانگ بگەڕێنەوە شوێنە بنچینەییەکانی خۆیان.''
20ـی تشرینی دووەمی 2024 سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. هەڵکەوت محەممەد گوتی، پێویستە لە 16ـی مانگەوە سەرۆکی خێزانەکان بەڵگەنامەی ئەندامانی خێزان ببەنە شوێنە بنچینەییەکانی خۆیان و لەوێ ناویان تۆمار بکەن، دواتر لە 20 و 21ـی مانگ سەرجەم ئەندامانی خێزان بگەڕێنەوە ئەو شوێنانە.
قەزای مەخموور و ناحیەکانی وەکو کەندێناوە و گوێڕ، بەشێک لەو ناوچە کوردستانییانەن بە شاڵاوی تەعریب کەوتوون. ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیاران ئاماژەی دا، ''ئەو هاونیشتمانییانەی لە مەخموور نەماون، ژمارەیان زۆرە؛ هەر گوندێک ئەگەر لە ساڵی 1987 نزیکەی 100 خێزان بووبێت، ئێستا شەش هێندە زیادی کردووە، بۆیە زۆر گرنگە بگەڕێنەوە و لە شوێنەکانی خۆیان ناویان بۆ سەرژمێری تۆمار بکەن.''
بەگوتەی هەڵکەوت محەممەد ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ''بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەریی ناوچەکە بەتایبەتی لە ناحیەی گوێڕ و کەندێناوە، رێگر بوون بۆ ئاوەدانکردنەوەیان.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ جووتیارانی سنوورەکە رۆتیناتی زۆر بۆ دروستکردنی خانوو و بیرلێدان هەیە و ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەیان ناکرێت.
وەک هەڵکەوت محەممەد دەڵێت، لە 52 گوندی ناحیەی گوێڕی قەزای مەخموور، 17ـیان عەرەبن کە ''ئەوان بەپێچەوانەی کورد زۆر ئاسانکارییان بۆ کراوە و ئێستا هەر گوندێکیان شەش هێندەی گوندێکی کوردە، تەنانەت زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بۆ دروستکردنی خانوو بەکاردەهێنن.''
''شوێن نییە هاونیشتمانییان کاتی سەرژمێری لێی بمێننەوە''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەربەستەکانی گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی گوندەکانی سەر بە ناحیەی گوێڕ و کەندێناوەن گوتی: ''ئەو کەسانەی کاتی سەرژمێری دەگەڕێنەوە، گرفتی شوێنیان دەبێت، چونکە خانوویان نییە و لەوانەیە بە هەر 30 خێزان، خێزانێک لە گوند یان ناوچەکە بناسن، ناکرێت هەموو لەوێ بمێننەوە.''
هەڵکەوت محەممەد جەختی لەوە کردەوە، پێیوایە بەشداریکردن لە سەرژمیریی گشتیی دانیشتووان لە ناوچەکەی خۆی زۆر گرنگە، دەبێ خەڵکی مەخموور بچنەوە و بیسەلمێنن کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن. گوتیشی: ''ئەوانەی لە ناوچەکەدا زەویی کشتوکاڵییان بە ناوە، هەر زۆر پێویستە بگەڕێنەوە، چونکە ئەگەر دوای چەند ساڵی دیکە حکومەتی عێراق سەرژمێریی 2024 بکاتە بنەما، ئەو کات ئەو جووتیارانەی بۆ سەرژمێرییەکە نەگەڕاونەتەوە، زەوییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و بێگومان دەدرێنە عەرەبی هاوردە، چونکە ژمارەی کوردەکان کەمە.''
پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد.
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.