بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگەی مەلەتی لە باکووری کوردستان هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەلەتی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.9 پلەی رێختەر روویدا.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاژێر 10:46ی خولەکی ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەم روویداوە و شارۆچکەی وێرانشار چەقی بوومەلەرزەکە بووە.
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە پارێزگاکانی مەڕەش، سەمسوور، دیلۆک و کیلیس ـی زەوی لەریوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانی نەبووە.
هەر ئەمڕۆ کاژێر 12:02 خولەک لە شارۆچکەی هەمشین سەر بە پارێزگای ریزەی تورکیا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر و لە شارۆچکەی باهچیلی سەربە پارێزگای کرککالەی تورکیا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.5 پلەی رێختەر روویدا.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی ئەو بوومەلەرزانە بڵاونەکراوەتەوە.
لە شەشی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا؛ بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.