تیمی (پڕۆژەی رووناکی): گەیاندنی کارەبای 24 کاژێری فراوانتر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
تیمی (پڕۆژەی رووناکی) دەڵێت، نرخی کارەبای 24 کاژێری گونجاوە و هاونیشتمانیان بەگوێرەی بەکارهێنان پارە دەدەن. دەشڵێت، لەگەڵ پارێزگەکانی دیکە بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکە گفتوگۆیان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 15ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە تیمی (پڕۆژەی رووناکی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری لە گەڕەکەکانی شادی و نازناز سەرکەوتوو بووە، "بەو پێیەی هاونیشتمانییان سەرەڕای سوودمەندبوونیان لە کارەبای بەردەوام، مانگانەش بە هەمان بڕی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە پارە دەدەن و تەنانەت زۆرێک لە ماڵەکان کەمتر لەو بڕەشیان بۆ دێتەوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "پڕۆژەی رووناکی بەشێوەی پۆست پەیدە و جیاوازە لە پریپەید، بەو پێیەی پریپەید کڕینی بڕی کارەبا بە شێوەی کارتە، بەڵام لە پۆست پەید هەمان سیستمی کارەبای نیشتمانیی ئێستایە و مانگانە بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان پارە دەدەیت".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە گەڕەکەکانی شادی و نازناز، 80٪ـی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە مانگانە لە کاتی خۆی پارەی کارەبا دەدەن، لە کاتێکدا پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی 20٪ـی دانیشتووانیان لەکاتی خۆیدا پارەیان دەدا، ئەوەش نیشانەی سەرکەوتوویی پڕۆژەکەیە و دیارە کە هاونیشتمانیان لێی رازین".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی تیمی (پڕۆژەی رووناکی)، "دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لە رێگەی کورتەنامەوە بۆ سیمکارتەکانیان یان لە رێگەی نامەی ڤایبەر و وەتسئەپەوە 15 رۆژ جارێک لە بڕی بەکارهێنانی کارەبا ئاگادار دەکرێنەوە. ژمارەی 1992 تایبەتکراوە بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەکە و لەکاتی بوونی پرسیار، داواکاری و گیروگرفتدا هاونیشتمانیان دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبکەن."
بەگوێرەی تیمی پڕۆژەکە، بۆ هەر گەڕەکێک کە پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت، تیمێکی تایبەت دەنێردرێتە گەڕەکەکە کە سێ کاری لە ئەستۆیە؛ ئەوانیش، "پشکنینی سیستمی پێوەری زیرەکی گەڕەکەکە و نەهێشتنی کێشەکانی؛ تۆمارکردنی دانیشتووان بۆ پڕۆژەکە لە رێگەی لینک یان ناونووسینی راستەوخۆ؛ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ مۆلیدەکانی ئەو گەڕەکە بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانیان. هەر ماڵێکیش لەدوای تۆمارکردنی، مانگی یەکەم بە رێژەی 50٪ و مانگی دووەم 25٪ داشکاندنی لە نرخی کارەباکە بۆ دەکرێت".
ئەزموونکردنی کارەبای 24 کاژێری، 25ـی 7 لە گەڕەکی شادی و 17ـی 10 لە گەڕەکی نازناز بوو. تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، "لە هەردوو گەڕەک مۆلیدەکان کوژاوەن و کاریان تەواوبووە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسیان نەدراوە. بەئەگەری زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوودا کارەبای گەڕەکی بەختیارییش دەبێتە 24 کاژێری. هەروەها بەم زووانەش وێبسایتێکی تایبەت بە پڕۆژەکە دەکرێتەوە و ناوی سەرجەم ئەو شوێنانەی تێدا بڵاودەکرێتەوە کە دەکرێنە 24 کاژێری".
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "پلانمان وایە لە قۆناخەکانی داهاتوودا پڕۆژەکە زۆر فراوانتر بێت. کۆبوونەوەشمان لەگەڵ بەرپرسانی سلێمانی و دهۆک کردووە و بەم زووانە لەو دوو پارێزگایەش پڕۆژەکە رادەگەیێندرێت."
رووداو پەیوەندی بە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی شادی و نازنازی هەولێرەوە کرد و لە دۆخی کارەباکەی پرسی. هێمن تاهیر، دانیشتوویەکی گەڕەکی شادیی هەولێرە بە رووداوی گوت، "کارەبا 24 کاژێرییەکە زۆرباشە و مانگانە بەگوێرەی بەکارهێنانی پێویست لەنێوان 40 بۆ 70 هەزار دینار پارەمان بۆ دێتەوە، ئەوەش بڕێکی گونجاو و باشە."
ئەحمەد یوسف، دانیشتووی گەڕەکی نازنازە و گوتی، "ئەم پڕۆژەیە زۆر باشە و حەساوینەتەوە. مانگی رابردوو 2 سپلێت، بۆیلەر و جلشۆر و چەندین ئامێری دیکەمان بۆ ماڵەوە بەکارهێناوە، کەچی نزیکەی 150 هەزار دینار پارەی کارەبامان بۆ هاتەوە."
بەگوێرەی ئاماری هاوبەشی تیمی (پڕۆژەی رووناکی) و وەزارەتی کارەبا، سوودمەندبووانی ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە پڕۆژەکەیان تێدا جێبەجێکراوە یان لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت، بەم شێوەیە:
گەڕەکی شادی بووە بە 24 کاژێری
ژمارەی سوودمەندبووان:
5,700 مـاڵ
2,000 فرۆشگە
نزیکەی 26,000 هاونیشتمانی
گەڕەکی نازناز بووە بە 24 کاژێری
ژمارەی سوودمەندبووان:
1,700 مـاڵ
400 فرۆشگە
نزیکەی 6,000 هاونیشتمانی
گەڕەکی بەختیاری بڕیارە لە ماوەی کەمی داهاتوودا ببێتە 24 کاژێری
ژمارەی ئەوانەی سوودمەند دەبن:
4,100 ماڵ
800 فرۆشگە
نزیکەی 13,000 هاونیشتمانی
گەڕەکی سەربەستی/ 32ی پارک - بڕیارە لە ماوەی کەمی داهاتوو ببێتە 24 کاژێری
ژمارەی ئەوانەی سوودمەند دەبن:
5،700 ماڵ
1،600 فرۆشگە
نزیکەی 25,000 هاونیشتمانی